عەبدوڵڵا مەحمود: راهێنەرانی هەولێر هەردەم پاڵپشتی هەڵبژاردەی كوردستان بووینە
دوای تەوابوونی یاری نێوان هەڵبژاردەی كوردستان و یانەی گازی باكوور، عەبدوڵڵا مەحمود راهێنەری یانەی گازی باكوور و لە یاریگەی هەندرێن كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا سەرەتا پێرۆبایی لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كرد، كە بەسەركەوتووی خولی نایابی فاستلینكی كوردستانی ئەنجامدا و پیرۆزبایی لە یانەی هەولێر كرد، كە پلەی یەكەمی بە دەستهێنا و لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر، كە پلەی دووەمی بە دەستهێنا و گوتی: خۆم بە خاوەنی هەڵبژاردەی كوردستان دەزانم و راهێنەر ئازادە، لە وەرگرتنی یاریزان، بەڵام من گلەییم لەسەر بابەتێكی دیاركراو هەیە، كاتێك بوومە راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان گلەییەی زۆریان لەمن كرد، بە تایبەتی هەردوو راهێنەر خەسرەو گورون و سەردار ساڵح، كە باسیان لەوە دەكرد چۆن من بوویمە راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان، كەچی تا ئێستا كەس گوێبیستی ئەوە بووە من قسە لەسەر هەڵبژاردەی كوردستان بكەم، من بەهیچ شێوەیەك باسی هەڵبژاردەكە ناكەم و پاڵپشتیان دەكەم، هەرچەندە یاریزانی باش بانگهێشتكراوە و یاریزانی باشتریش هەیە بانگهێشت بكرێت، بەڵام لە 22 یاریزان هەر ئەوەندە دەكرێت.
لە درێژەی قسەكانیدا عەبدوڵڵا مەحمود گوتی: كاتێك بوومە راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان، بەداخەوە خەسرەو گورون راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی كوردستان هێرشێكی زۆر توند و نارەوای لەسەر كردم و زۆر تۆمەتی خستەپاڵم، كە بە چ ماف و پێوەرێك بوویمە راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان، كەچی ئەنجامی من تا ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان باشترین ئەنجامە لە مێژووی هەڵبژاردەكە و خەسرەو گورون لە وەرزی رابردوو نەیتوانی یانەكەی لە خولی پلە یەكی كوردستان سەربخات بۆ خولی نایاب، بەڵام من هاوكاری ئەو بووم و تیپەكە گازی باكوور یارییەكی دۆستانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان ئەنجام دا بۆ ئەوەی هەڵبژاردەكە سوود وەربگرێت.
سەبارەت بە سەردار ساڵحیش، عەبدوڵڵا مەحمود گوتی: بەهەمان شێوە سەردار ساڵح هێرشی كردە سەرمن، بەڵام كە نابراو بووە راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان دووبارە من پاڵپشتیم كرد و یارییەكی دۆستانەم لەگەڵی ئەنجامدا و لە هەڵبژاردەی كوردستان ئەنجامی نەبوو، خەڵكی هەولێر هەردەم خۆیان بە خاوەنی هەڵبژاردەی كوردستان و یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەزانن، بۆیە هەردەم پاڵپشتی دەكەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا عەبدوڵڵا مەحمود گوتی: تا ئێستا یەك راهێنەری خەڵكی هەولێر هیچ قسەیەك لەسەر ئەم هەڵبژاردەیە نەكردووە و نایكات، نەوەك ئەمساڵ بەڵكو لە ساڵانی رابردووش بەهیچ شێوەیەك قسەیان لەسەر هەڵبژاردەی كوردستان نەكردووە، چونكە خەڵكی هەولێر هەردەم پاڵپشت بووینە و حەز لە كاری باش و خۆشەویستی دەكەنن بۆیە لێرەوە داوا دەكەم بەهەمووان پاڵپشتی هەڵبژاردەی كوردستان بكەن چ راگەیاندن یان راهێنەران یاخود جەماوەر.
عەبدوڵڵا مەحمود بە شێخی راهێنەران لە كوردستان دادەندرێت و خاوەنی چەندین دەستكەوتە بەتایبەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان، چونكە خاوەنی تاكە نازناوی هەڵبژاردەكەیە لە پاڵەوانێتی هەرێمەكان (ڤیڤا).
رێبین رەمزی
