سۆزی دڵشاد یاریزانی یارییە سیانیەکانی ھەڵبژاردەی عێراق

سۆزی دڵشاد یاریزانی یارییە سیانیەکانی ھەڵبژاردەی عێراق
سۆزی دڵشاد یاریزانی یارییە سیانیەکانی ھەڵبژاردەی عێراق


ھیوام وایە بەرپرسەکانیش تەواو کەری ئەم یارییەبن


تیپی پاسکیل سواری و یارییە سیانیەکانی یانەی نەورۆز یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی ئاستی کوردستان وعێراقە ھەموو کات پێشەنگ بووە بۆ پێگەیاندنی کچە یاریزانانی کورد لە یارییەکانی پاسکیلسواری، یاری پاسکیلسواریش یەکێکە لەو یارییانەی کە یانەکە گرنگی باشی پێدەدات و خاوەن چەندنین کچە یاریزانان کە پاشە رۆژێکی باش چاوەڕوانیان دەکات ، سۆزی دڵشاد یەکێک لەم کچە یاریزانە بەتواناکانی ھەڵبژاردەی یارییە سیانیەکانی عێراق و یانەی نەورۆزە، ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٧ی لە شاری سلێمانی لە دایکبووە خاوەن چەندین ئەنجامی شایستەیە لە خولەکاندا لە پاڵەوانێتیەکانی ڕابردوو لە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقو وڵاتانی عەرەبیش چەندین ئەنجامی بەرچاوی بەدەست ھێناوە کە دەگاتە ١٦مەدالیای زێرو زیو و برۆنزییە، ناوبراو قوتابی زانکۆیە لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی لە زانکۆی سلێمانی، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی -دایەوە.


دیمانە: کارزان کانەبی


* چۆن بوو رووت لە یار سیانیەکان کرد؟


-پێش دوو ساڵ بانگێشتکرام بۆ ھەڵبژاردەی ساینیەکان بە ھۆی ئەوەی کە من باشترین یاریزانی عێراق بووم لە پاسیکلسواری ، بەرپرسانی ئەم یارییەش پێان وابوو لە یارییە سیانیەکانیش بە ھەمان شێوەی پاسکیل سواری ئەنجامم دەبێت ، توانیم لە ساڵی ٢٠١٤ لە یارییە سیانیەکان مەدالیای زیو بەدەست بھێنم ، ماوەیەک بەر لە ئێستاش لە وڵاتی میسر مەدالیای زێرم بەدەست ھێنا.


*ئاستی یاری سیانیەکان چۆن دەبینیی لە کوردستان؟


- یارییە سیانییەکان بە حکومی ئەوەی کە یارییە قورسە ھەموو یاریزانێکی ئافرەت ناتوانێ خۆی لێ بدات ، یاریزانان زۆر کەمە و گرنگیشی پێ نادرێت وەکو پێوست.


* بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئەم یارییە لە کوردستان؟


-پێویستە گرنگیەکی زۆری پێ بدرێت، چونکە یارییەکی گرنگە لە ئاستی جیھان لە دوای تۆپی پێی گرنگی دەدەن بەم یارییە پێویستە یارمەتی بدرێت، لەسەر بەرپرسانی ئەم یارییەش پێوستە زیاتر ھەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ئەم یارییە فراوانتر بکەن زۆرترین یاریزانان بھێنە ناو ئەم وەرزشە.


* وەکو کچە یاریزانێک تاکو ئێستا ھیچ گرفتێکت بۆ درووست نەبووە لەم یارییە ؟


-بەلێ گرفت زۆرە بەڵام ناکرێ باسی ھەمووی بکەین، بەڵام ھەر ئەوەندە دەلێم کە چیتر رێگری نەکەن لە رۆڵەکانیان لە بەشداری کردن لە یارییە ساینیەکان لە دەرەوەی وڵات.





* بە چ یاریزانێکی یاری یارییە سیانیەکان سەرسامی؟


- من ماوەیەکی کەمە ھاتوومەتە ناو یارییە سیانییەکان بۆیە ھێشتا ئاشنانەبووم بە یاریزانانی جیھانی .


* داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس لەم یارییە؟


-ھیوام وایە بەرپرسەکانیش تەواو کەری ئەم یارییەبن ھاوکاری تەواوی یاریزانان بکەن تاکو ئێمەش بتوانین ئەنجامی شایستە بەدەست بھێنین ، نەک لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی دەمەوێت مەدالیای ئاڵتون لەسەر ئاستی ئاسیا بەدەست بھێنم.


* لە ھەڵبژاردەی پاسکیل سواری عێراقی و یارییە سیانیەکان دژایەتیتان لەگەڵ ناکرێ لەلایەن یاریزانە عەرەبەکان؟


-نەخێر ھیچ دژایەتیکمان ناکرێ بەڵکو ڕکابەرایەتی تەنیا لە وەرزش ھەیە بۆ بنەمای وەرزشی بۆ ھەڵبژاردەی عێراق.


* کێشە و گرفتی ئەم یارییە زیاتر لە چی دەبینی؟


-کێشەی ئەم یارییە زۆرە چونکە ئەم یارییە خۆی لە سێ یاری دەدۆزێتەوە پاسکیلسواری و ڕاکردن و مەلەوانی تاکو ئێستا ھیچ شوێنێکی تایبەتیمان نییە تا مەشقەکانمان بەشێوەیەکی رێک و پێک ئەنجام بدەین.


* تۆ قوتابی زانکۆ خوێندن تاچەند دەبێتە رێگر لە خوێندنت؟


-تائێستا نەمھێشتووە وەرزشەکەم ببێتە رێگر لەبەردەم خوێندنم ، ھەمو کات کاتەکانی خۆم دابەشکردووە زۆر سوپاس مامۆستایانم دەکەم لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی کە ھاوکاری بەردەوامانن بۆ رێگەدانیان بۆ پاڵەوانیتیەکان.


* ھیواو ئاواتت وەکو کچە یاریزانێک لە یاری یارییە سیانیەکان؟


-بەھیوای ئەوەم لەسەر ئاستی وڵاتانی ئاسایش مەدالیا لەبەر بەکەم وەکو چۆن لە وڵاتانی عەرەبی مەدالیای زێرم بەدەستھێنا.


* حەز دەکەی ھەڵبژاردەی پاسکیل سواری و یارییە سیانیەکانی کوردستان دروست بێت تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟


- بە دڵنیایەوە زۆر دەمێکە چاوەڕێ ئەوەم وەکو ھەڵبژاردەی کوردستان بەشداری بکەم لە پاڵەوانێتیەکی نێودەوڵەتی.


* بەنیازچی بۆ ئایندەی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟


- بەنیازی ئەوەم خوێندنم تەواو بکەم دوای ئەوە ئیش لەسەر ئەوە بکەم بواری وەرزشی خۆم بەرفراوانتر بکەم.


*یانەکەتان تاچەند ھاوکارتانە ؟


-دەست خۆشیان لێ دەکەم بەھیوای ئەوەم ھەموو یانەکانی تر چاو لە یانەی نەورۆز بکەن کە بەردەوام ھاوکاری تیپەکانیان بن.


*بەدەستھێنانی مەدالیای ئاڵتون لە پاڵەوانێتی یارییە سیانیەکانی عەرەبی لە میسر چ ھەستێکی لای تۆ دروست کرد؟


-ئەم مەدالیا ئاڵـتونە یەکەم جار نییە لە مڵم بکرێ ،بەڵام تام و چێژێکی تایبەتی ھەبوو ھەستێکی زۆر خۆشی لێ من دروست کرد.


* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایی؟


-زۆر سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم کە ھەموو کات پاڵپشتی منن، بەھیوای ئەوەم ھەموو خێزانێک پشتیوانی مەنداڵەکانی خۆیان بکەن، سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەکەم کە بەڕاستی گرنگی زۆر بە وەرزشی ناوەخۆیی دەدات بەبێ جیاوازی خزمەتی شارەکانی کوردستان دەکات.


فؤتؤ: سانى ناسح

Top