حەفت یاریزانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق كران
د.ئەكرەم عەبدولواحید بەرێوەبەری ئەكادیمیای یانەی هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: لەم چەند رۆژدا راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق لە شاری هەولێر و بە وردی لە مەشق و یارییە دۆستانەكانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر ئامادەبوو، كە سەرسامی خۆی بەو ئاستە بەرزی یاریزانەكانی ئەم ئەكادیمیا نیشاندا و بەفەرمی بانگهێشتی 7 یاریزانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر كرد بۆ ریزی هەڵبژاردەكەی، هەر رۆژی سێشەممە یاریزانەكان بە یاوەری راهێنەری هەڵبژاردەكە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بەرەو شاری بەغداد بەرێكەوتن.
لە درێژەی قسەكانیدا د.ئەكرەم گوتی: من تەنیا كارم بۆ ئەكادیمیای هەولێر نەكرد، بەڵكو داوتنامەیەكم ئاراستەی یانەی خاك و یانەی گارە كرد، بۆ ئەوەی دوو یاری دۆستانە لەگەڵ ئەكادیمیای یانەی هەولێر ئەنجام بدەن و بە ئامادەبوونی راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق، خۆشبەختانە لەگەڵ تەواوبوونی یارییەكان شانبەشانی حەفت یاریزانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر، راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق بریاری دا دوو یاریزانی یانەی خاك و دوو یاریزانی یانەی گارە بانگهێشتی هەڵبژاردەكە بكە، ئەمەش بووە جێگەی خۆشحاڵی ئێمە، كە 11 یاریزانی كورد بانگهێشتی ئەم هەڵبژاردەیە بكرێت.
جێگەی باسە هەریەكە لە یاریزانەكان ( عەلی سەرحان، ئەحمەد حەسەن، ئەزوەر جەوهەر، ئاكار ئیبراهیم، ئەحمەد رافد، عەبدولباری، ماتیۆس(گۆڵپارێزە)) بانگهێشتی هەڵبژاردەكە كراون و لە ئێستا لە شاری بەغدادن بەمەبەستی ئامادەبوون لە ئۆردوگای مەشقی هەڵبژاردەكە، كە ماوەی 10 رۆژ دەخاینێت.
رێبین رەمزی
