هەولێر میوانداری یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2018 دەكات
بە پێی لێدوانی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی سعودیە، كە بەفەرمی ئەوەی ئاشكرا كرد بەهیچ شێوەیەكی ئامادە نینە بچنە ئێران یاری بكەن، چونكە كەس ناتوانێت ژیانی ئەوان بپارێزت بۆیە لە چاوەروانی وڵامی یەكێتی تۆپی پێی جیهانین سەبارەت بەم بابەتە.
لە بەرانبەردا هەڵبژاردەی ئیمارات بەهەمان شێوە بەشێوەیەكی نافەرمی بۆچوونی خۆی لەسەر ئەم بابەتە راگەیاندووە و تەئكیدی لەوە كردووتەوە، كە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت لە ئێران یاری بكات لەبەر هەر هۆكارێك بێت و ئەوان رێكاری یاسایی یارییەكەیان بەرانبەر عێراق بۆ یاریگەییەكی تر دەگوازنەوە لە رێگەی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی.
كاردانەوەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە رێگەی سەرۆكی یەكێتیەكە بوو، كاتێك عەبدولخالق مەسعود بەئاشكرا باسی لەوەكرد، كە هیچ كەسێك ناتوانێت یاریگەی هەڵبژاردەكەمان بگۆرێت یاخود بەرژوەندی خۆمان بۆ كەس تێك نادەین، ئێمە لە ئێران یاری دەكەین، ئەگەر سعودیە ئامادە نییە بێتە ئێران یاری بكات ئەوە هەڵبژاردەی عێراقیش ئامادە نییە بچێتە سعودیە بۆ یاریكردن و ئێمەش داوا دەكەین یارییەكەمان بەرانبەر سعودیە لە یاریگای سعودیە ئەنجامی نادەیە و داوای یاریگەی تر دەكەین.
لەم بارەیەوە بە پێی سەرچاوەیەكی باوەرپێكراوی عێراقی، كە نزیكە لە یەكێتی تۆپی پێی سعودیە زانیارییەكی گرنگی ئاشكرا كرد و گوتی: یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری تاكە رێگایە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە گەورەیە لە نێوان سێ وڵاتدا، ئەگەر یەكێتی تۆپی پێی عێراق داوا لە یەكێتی تۆپی پێی سعودیە بكات، كە یارییەكەی هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعودیە لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت نەوەك تاران بەمەرجێك یەكێتی تۆپی پێی سعودیە نووسراوێكی فەرەمی ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی بكات و رەزامەندی خۆی نیشان بدات لەسەر ئەم بابەتە، ئەوە یەكێتی تۆپی پێی سعودیە وەكو سەرەتاییەك ئامادەیە بچێتە هەولێر نەوەك لە تاران یاری بكات.
لە رۆژانی داهاتوو چاوەروان دەكرێت فیفا ئەم بابەتە بەفەرمی یەكلایی بكاتەوە.
رێبین رەمزی
