هیوادارم ژمارەیەكی پێوانەیی بە ناوی خۆم تۆمار بكەم
دیمانە: كارزان كانەبی
*ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە ئێستادا چۆن دەبینی؟
-ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان زۆر باشە، بەڵام كەمی كردنەوەی خول و پاڵەوانێتی وای كردوە كە ئاستی ئەم یارییە زۆر پێش نەكەوێت، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی تیپەكان و یاریزانان كە رێگە نەدات زۆر پێشبكەون.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان بەرەوپێش بچێت؟
-پێش هەموو شتێك كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە ئاستەكانی تەمەن باشترین كارە بۆ ئەوەی بتوانین گرنگی بەم یارییە بدەین، جگەی لەمەش كردنەوەی خولی بەردەوام و یاریگای تایبەت بە یانەكان ئەوانە هەمووی هۆكارە بۆ ئەوەی ئەم یارییە بچێتە قۆناغێكی تازەوە.
*ماوەیەكی زۆر لە ریزی یانەی هەولێر یاریت دەكرد، ئێستا بۆچی یانەكەت جێهێشتووە؟
-بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە یانەكەی ئێمەش بەشداری یارییەكانیان نەكرد، بۆیە بڕیارماندا كەوا بۆ خۆمان بچینە یانەكانی تر.
*چۆن لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی رێكەوتوون؟
- بەشێوەی خواستن یارییان بۆ دەكەم، زۆریش ئاسوودەمە لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هەوڵدەدەم باشترین ئەنجامیش بەدەست بهێنم؟
*گرفتی یاری گۆڕەپان و مەیدان لە چی دەبینیت؟
- ئەنجام نەدانی پاڵەوانێتی پێویست بۆ یاریزانان گەورەترین گرفتە كە ناتوانرێ بەشێوەیەكی باش پەرە بە تواناكانیان بدەن ئەوەش گرفت بۆ یاریزانان دروست دەكات لە وەرزشكردن، جگە لەمەش قەیرانی دارایی كە بەرۆكی هەموو لایەكی گرتووە، ئەوەش بۆتە گرفت بۆ گەشەسەندنی وەرزش.
* ئەم یارییەی هەڵتبژاردووە ئایا قورس نییە بۆ كچان و كێشەت بۆ دروست نابێت؟
- نەخێر ئەوە حەز و خولیای خۆم بووە بۆیە سەركەوتووش بووم و چەندین ئەنجامی باشم بەدەستهێناوە.
*لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامی؟
- بەڵێ هەوڵیش دەدەم لە داهاتوو ئەنجامی باشتریش بەدەستبهێنم.
* هیواو و ئاواتت لە وەرزش كردن؟
-بەهیوای ئەوەم كەوا كچان زیاتر بەشداری لە یارییەكانی وەرزش بكەن، بۆ ئەوەی وڵاتی ئێمەش پێشبكەوێت و زیاتر لە ئێستادا گرنگی پێ بدرێت، هەروەها بە هیوای ئەوەم بتوانم ژمارەیەكی پێوانەیی بە ناوی خۆم تۆماربكەم.
* تۆ قوتابی كۆلێژی ئایا خوێندن رێگریت لێ ناكات لە وەرزشكردن؟
- نەخێر، هەرگیز رێگری لێ نەگرتووم، منیش كاتەكانی خۆم دابەش كردووە بۆ ئەوەی لە هەردووكیان سەركەوتووبووم.
*خانەوادەكەت تاچەند هاوكارتن؟
-خانەوادەكەم كە زیاتر لەوەی رێگایان داوم، زۆر پشتگیریشم دەكەن، من سوپاسیان دەكەم، ئەوان هۆكار بوون بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی من.
*بە چ یاریزانێك لە جیهان سەرسامیت ؟
-بە یاریزانی وڵاتی ئێران لەیلا جابی سەرسامم و حەز دەكەم بگەمە ئاستی ئەو كچە یاریزانە.
* ئەگەر شتێكت ماوە؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ بەسەركردنەوەی بەردەوامی یاریزانان لە یانەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی و هیوادارم زیاتر لە خزمەتی وەرزشكاراندا بن.
