پێشمەرگەی هەولێر راهێنەری گۆڵپارێزی دەستنیشانكرد

پێشمەرگەی هەولێر راهێنەری گۆڵپارێزی دەستنیشانكرد
ئەمرۆ پێنجشەممە لە شارۆچكەی پیرمام یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ راهێنەری گۆڵپارێزی یانەی هەولێر كاوە ئیبراهیم بەشێوەی خواستن تا كۆتایی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان مۆركرد.
لەمباریەوە زرار محەمەد سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: سەرەتا زۆر سوپاسی یانەی هەولێر دەكەین، كە رەزامەندی خۆیان نیشاندا لەسەر رێگەپێدانی راهێنەر كاوە ئیبراهیم بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر بكات تا كۆتایی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان و هەروەها سوپاسی راهێنەر كاوە ئیبراهیم دەكەم، كە ئەویش رەزامەندی خۆی نیشاندا لەسەر وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەكە بۆ ماوەیەكی كورت.
لە درێژەی قسەكانیدا زرار محەمەد گوتی: لە كاتی ئێستا تیپەكەمان پێویستی بە راهێنەری گۆڵپارێز هەبوو، چونكە دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی راهێنەری گۆڵپارێز عەبدولخالق محەمەد بەهۆی سزادانی لە لایەن یەكێتی تۆپی پێی كوردستانەوە، پۆستی راهێنەرایەتی گۆڵپارێز لە تیپەكەمان چۆل بوو، بۆیە بە پێویستمان زانی بۆ قۆناغی چوار گۆشەی زێرین سوود لە ئەزموونی كاوە ئیبراهیم وەربگرین.
جێگەی باسە یانەی پێشمەرگەی هەولێر توانی لە كۆمەڵەی دووەم بە پلەی یەكەم خۆی بگەێنتە یارییەكانی چوار گۆشەی زێرینی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان بۆ تۆپی پێی.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: پشتیوان رەشید
Top