سۆلاڤ راهێنەرێكی نۆی بۆ تیپەكەی دەستنیشانكرد
لە لێدوانێكی تایبەتدا سەردار ئەحمەد سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەكە گوتی: سەباح عەبدولغەنی خودی خۆی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە دەستەی كارگێری یانەكەمان كرد بەهۆی بوونی باروودۆخێكی تایبەت بە خێزانی نەیتوانی لەگەڵ تیپەكە بەردەوام بێت، هەرچەندە فشارێكی زۆرمان خستە سەری بەمەبەستی بەردەوام بوون، بەڵام گشت هەوڵەكانمان بێ سوود بوو.
لە درێژەی قسەكانیدا سەردار ئەحمەد گوتی: بە سوپاسەوە پەیوەندیمان بە راهێنەر عەزدین عەسكەر كرد بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەر، ئەوەیش داوایەكی ئێمەی قبووڵ كرد بەفەرمی تا كۆتایی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان دەبێتە راهێنەری یانەكەمان و ئەركەكەی لە یاری بەرانبەر یانەی برایەتی دەستپێدەكات، لە هەمان كاتدا بریاردرا عەلی عەبدولقادر وەكو یاریدەدەری راهێنەر دەستنیشان بكرێت.
سەبارەت بە هێنانی یاریزان لەم ماوەیە سەردار ئەحمەد گوتی: ئێستا كێشەیەكی زۆرمان هەیە، چونكە تیپەكەمان تەنیا 14 یاریزانی هەیە، كە 3 گۆڵپارێزە ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە، لە هەمان كاتدا دوو یاری چارەنووساز لەبەردەم تیپەكەمانە بۆ مانەوە لە خولەكە، بۆیە لە ئێستاوە پەیوەندیمان بەو یاریزانانە كردووە، كە لە تیپەكە دوورخرابنەوە بۆ ئەوەی بگرێنەوە تیپەكە و یارمەتیمان بدەن و هەروەها پەیوەندیمان بە یاریزان سەتار یاسین-ی یاریزانی یانەی زاخۆ كردووە، ئەوەیش رەزامەندی خۆی نیشان داوە لەگەڵ ئێمە یاری بكات، بەمەرجێك ئەگەر یانەی زاخۆ نەگاتە چوار گۆشەی زێرین و هەروەها یاریزانی یانەی كەربەلا جەبار كەریم بەهەمان شێوە چاوەروانی دەستبەرداربوونیەتی.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەردار ئەحمەد گوتی: پێش دەستپێكردنی خولەكە ئێمە خۆمان بۆ یارییە چارەنووسازەكە ئامادە دەكرد، بۆیە ئەم ئەنجامە هیچ چاوەروانكراو بوو.
یانەی سۆلاڤ لە كۆمەڵەی دووەمی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان یاری دەكات و لە پلەی كۆتایی دێت بە كۆكردنەوەی 2 خاڵ، بەفەرمی یاری لەسەر مانەوەی خۆی دەكات لە خولەكە بەرانبەر تیپی خاوەنی رێزبەندی كۆتایی لە كۆمەڵەی یەكەم.
وا بریارە سبەی هەینی یانەی سۆلاڤ دواین یاری خۆی لە كۆمەڵەكە بەرانبەر یانەی برایەتی لە یاریگەی سۆلاڤ ئەنجام بدات.
جێگەی باسە لە سەرەتای خولەكە مەجید سەلام راهێنەر بوو بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە دەستەی كارگێری یانەكە كرد، پاشان سەباح عەبدولغەنی بووە راهێنەر.
رێبین رەمزی
