زێرەڤانی هەوڵی چارەسەری برینەكانی دەدات

زێرەڤانی هەوڵی چارەسەری برینەكانی دەدات
ئەمرۆ چوارشەممە لە یاریگەی یانەی هەندرێن كۆنگرەی رۆژنامەنووسی یاری نێوان هەردوو یانەی هەندرێن و زێرەڤانی ئەنجامدرا.
لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی یانەی زێرەڤانی هەریەكە لە راهێنەر غەزوان محەمەد و نێچیرڤان شوكری یاریزان ئامادەی بوون.
غەزوان محەمەدی راهێنەر خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی سەرهەنگ موحسین دەربری گوتی: ئەو مافە نادەمە خۆم باسی ئاستی سەرهەنگ موحسین بكەم، چونكە گۆڵپارێزیكی دیارە لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا و عێراق و یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق كردووە، بۆیە هاتنی سەرهەنگ موحسین متمانێكی زۆر بە یاریزانەكان دەبەخشێت بەتایبەتی یاریزانانی هێڵی بەرگری، بەڵام ئێمە كێشەمان لە هێڵی بەرگری هەیە هەوڵ دەدین لە یارییەكەی بەرانبەر هەندرێن چارەسەری بكەین، چونكە یارییەكە بۆ هەردوو یانە گرنگە دەتوانم بڵێم یاری كۆتاییە تا رادەیەكی زۆر چارەنووسازی تیپەكەمان بۆ گەیشتن بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری دەكات.
لە درێژەی قسەكانیدا غەزوان محەمەد گوتی: كارێكی زۆرمان لەسەر باری دەروونی یاریزانەكان كردووە، چونكە تیپەكەمان خاوەنی یاریزانی گەورەیە، بەڵام ئەنجامەكان كاریگەری لەسەر یاریزانەكان كردووە بۆیە نەمانتوانیوە سەركەوتن لە یارییە گرنگەكان تۆمار بكەین، بە هیچ شێوەیەك لە شوێنی خۆم ناترسم، چونكە لە هەموو جیهان لە هەر شكستێك راهێنەر دوور دەخرێتەوە، بەلام لە كاتی وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی زێرەڤانی لە چوار یاری 7 خاڵمان بە دەستهێناوە ئەمەش تا رادەیەك ئەنجامێكی باشە بۆ ئێمە.
دواتر نێچیرڤان شوكری یاریزانی یانەی زێرەڤانی سەبارەت بە یارییەكە گوتی: هەموو یانەكان كاتێك بەرانبەر زێرەڤانی یاری دەكەن، بە شێوازێكی تر یارییەكە ئەنجام دەدەن، چونكە تیپەكەمان پاڵەوانی سێ وەرزی رابردووی خولەكەیە، بۆیە بە بۆچوونی خۆم بردنەوە لە یارییەكەی هەندرێن دەبێتە هۆی كردنەوەی دەرگای بە دەستهێنانی نازناوی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان بۆ ئەم وەرزە، تا رادەیەكی باش خۆمان بۆ یارییەكە ئامادە كردووە و هیچ كێشەیەكەمان نییە.
جێگەی باسە رۆژی پێنجشەممە لە یاریگەی یانەی هەندرێن كاتژمێر 3ی ئێوارە هەردوو یانەی هەندرێن و زێرەڤانی رووبەرووی یەكتر دەبنەوە لە چوارچێوەی یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەمی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان بۆ تۆپی پێی.
رێبین رەمزی
Top