كەناڵی عێراقییە سپۆرت نزیكە لە گواستنەوەی یارییەكانی خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێی

كەناڵی عێراقییە سپۆرت نزیكە لە گواستنەوەی یارییەكانی خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێی
ئەمرۆ سێشەممە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی شاندی كەناڵی ئاسمانی عێراقیە سپۆرت گەیشتە هەولێری پایتەخت بەمەبەستی دەستپێكردنی گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بۆ گواستنەوەی یارییەكانی قۆناغی چوار گۆشەی زێرینی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان بۆ تۆپی پێی.
شاندی كەناڵی ئاسمانی عێراقیە سپۆرت پێكهاتبوو لە حەلیم سلێمان بەرێوەبەری كەناڵی ئاسمانی عێراقیە سپۆرت و عەلی خەرەسانی جێگری بەرێوەبەری كەناڵەكە.
هەر لەگەڵ گەیشتنی شاندەكە، سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە بارەگای خۆی لە شاری هەولێر پێشوازی لێكردن و گفتوگۆی سەرەتاییان سەبارەت بە چۆنیەتی گواستنەوەی یارییەكان لەم قۆناغە ئاڵوگۆر كرد.
لەم گفتوگۆیەدا هەردوو لا لەسەر چەندین خاڵی گرنگ هاوبەش و هاورا بوون و هەروەها لەسەر چەند خاڵێك رێكەوتن، كە لە بەرژەوەندی خولەكە و تۆپی پێی كوردستانە.
چاوەروان دەكرێت شاندەكە ماوەی دوو رۆژ لە شاری هەولێر بن پاشان هەردوو لا كار لەسەر خاڵە هاوبەشەكان دەكات بەمەبەستی گەیشتنە رێكەوتن بەشێوەیەكی فەرمی بۆ گواستنەوەی یارییەكانی قۆناغی چوار گۆشەی زێرینی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان لە كەناڵی ئاسمانی عێراقیە سپۆرت.
دوای تەواوبوونی سەردانەكە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان قەلغانەی یەكێتیەكەی پێشكەش بە شاندی میوان كرد.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەلام حوسێن سكرتێری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ئامادەبو.
رێبین رەمزی
Top