لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەند وەرزێكە مەزن محەمەد راهێنەری تیپی فوتساڵی كچانی یانەی ئافرەتانی هەولێر لە ریزی ئەم تیپە بەردەوامە لە دروستكردنی چەندین كچە یاریزان بۆ تیپەكە و بەشداریكردنیان لە كێبڕكێیەكانی خولی نایابی كوردستان و عێراق و بەدەستهێنانی چەندین ئەنجامی شایستە لە رابردوو، بەڵام دواجار بەهۆی پێوەندی كردنی بە ریزی هەڵبژاردەی فوستاڵی كچانی عێراق دەستی لە مەشقی یانەی ئافرەتانی هەولێر كێشایەوە. لە بارەی داهاتووی خۆشی مەزن محەمەد بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «من ماوەیەكی زۆرە لە یانەی ئافرەتانی هەولێر خەریكی مەشقكردنم لەگەڵ یانەكە و ئەنجامی باشمان بەدەستهێناوە لە خولەكان، بەڵام بە هۆی ماندووبوونم لە ماوەی رابردوو هەروەها سەرقاڵبوونم بە مەشقی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراقی دەستم لە مەشقی یانەكە كێشاوەتەوە، هیچ كەسێكیش منی لە یانەكە دوور نەخستۆتەوە و هەتا چەندین جاریش سەرۆكی یانەی ئافرەتانی هەولێر پێ وتووم كە لەم بڕیارەم پاشگەز ببمەوە، بەڵام من بڕیاری خۆم داوە.». لە بارەی چارەنووسی یاریزانەكانیش مەزن گوتی: «یاریزانەكان هیچ پێوەندییەكیان بە منەوە نییە وەكو راهێنەر، ئەوان سەربەستن، من تەنیا خۆم دەستم كێشاوەتەوە»، گوتیشی: «بەر لەوەی دەست لە مەشقی یانەی ئافرەتان بكێشمەوە، چەند یانەیەك پێوەندییان پێوە كردووم، بۆ ئەوەی مەشقی یانەكانیان وەربگرم، بەڵام بە هۆی خۆشەویستیم بۆ یانەی ئافرەتان رەتم كردەوە، ئێستاش تەنیا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقم و لە هیچ یانەیەك نیم و تازەش دەستم كێشاوەتەوە بەڵام ئافرەتانی هەولێر هەر لە دڵی مندان و زۆر سوپاسی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەكەم كە زۆر هاوكاری منن، بە هیوای ئەوەین كاری باشتر بكەین بۆ داهاتووی وەرزشی كوردستان و عێراق.