حەز دەكەم بە ناوی هەڵبژاردەی كوردستان لە خولە نێودەوڵەتییەكان بەشداری بكەم

حەز دەكەم بە ناوی هەڵبژاردەی كوردستان لە خولە نێودەوڵەتییەكان بەشداری بكەم
هەڵاڵە فەیسەڵ:
یاریزانی پاسكیلسواری یانەی ئارارات

یانەی ئاراراتی پیرمام هەموو كات پێشەنگ بووە بۆ پێگەیاندنی كچە یاریزانانی كورد لە یارییە جۆراجۆرەكان، یاریی پاسكیلسواری-یش یەكێكە لەو یارییانەی كە یانەكە گرنگی باشی پێدەدات و خاوەن چەندین كچە یاریزانن كە پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیان دەكات. هەڵاڵە فەیسەڵ یەكێك لە كچە یاریزانە بەتواناكانی یاریی پاسكیلسوارییە لە یانەی ئارارات و لە یاریی فوتساڵیش بۆ یانەكانی سۆران و زانكۆی سۆران یاری دەكات. ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1994ی گوندی هەسانە لە دەڤەری قەزای سۆران و خاوەن ئەنجامی شایستەیە لە خولەكاندا لە پاڵەوانێتییەكانی ڕابردوودا لە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق چەندین ئەنجامی بەرچاوی بەدەست هێناوە، ئێستاش قوتابی زانكۆیە لە كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی و ئێمە لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی

* چۆن بوو رووت لە یاریی پاسكیلسواری كرد؟
-هەر لە منداڵییەوە حەزم لەم یارییە بووە و زانیومە زوو فێری ئەم یارییە دەبم، یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوە بوو كە ببمە یاریزانی پاسكیلسواری، حەزەكەشم هاتەدی.
* ئاستی یاریی پاسكیلسواری لە كوردستان چۆن دەبینیی؟
-ئەوەی ڕاستی بێت لە هەندێك شوێنی كوردستان زۆر باشە و لە هەندێك ناوچەی دیكەش ئاستی ئەم یارییە وەكو پێویست نییە، بەڵام ئەوەندە گرنگیی پێ نەدراوە وەكو یارییەكانی دیكە.
* بە بۆچوونی تۆ بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان چی بكرێت باشە؟
-پەرەپێدانی یاریی پاسكیلسواری لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان گرنگە، نەك تەنیا پارێزگاكان، واتە پێویستە شار و شارۆچكەكانیش بگرێتەوە و گرنگیی پێی بدرێت بە هەردوو ڕەگەزەكانی بەتایبەت ئاستی كچان، هەوڵدانی بەردەوام بۆ هاندانی وەرزشكاران بۆ ئەوەی روو لە وەرزش بكەن، ئەگەر بكرێت كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لەسەرجەم شارەكانی كوردستان ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشەكە زیاتر بەرز ببێتەوە.
* وەكو كچە یاریزانێك ئایا تاكو ئێستا لەم یارییە هیچ گرفتێكت بۆ درووست نەبووە؟
-بەڵێ بێگومان زۆر گرفت تووشمان بووە، بۆ نموونە ئەندامانی ماڵەوە، یان خوێندن، یان رێگای دوور و دووركەوتنەوە لە خوێندنی زانكۆ، ئەوانە هەمووی گرفت بوون بۆ من.
* بە چ یاریزانێكی پاسكیلسواری سەرسامی؟
- نیان یاسین كچە یاریزانی شاری سلێمانی و هەڵبژاردەی پێشووی عێراق كە ئاستێكی زۆر بەرزی هەبوو لە یاریی پاسكیلسواری و هەمیشە دەمەوێ لەم یاریزانە بچم.
* داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس لەم یارییە چییە؟
- تاكو گرنگیی زیاتر بە وەرزشی ئافرەتان بدرێت كەمە، بۆیە پێوستە لەسەر بەرپرسانی وەرزشی كە گرنگیی زیاتر بە تواناكانی ئافرەتان بدەن لەسەرجەم یارییەكان.
* لە هەڵبژاردەی پاسكیلسواری عێراقی داواكراوی؟
-تاكو ئێستا نەخێر، بەڵام هەوڵدەدەم لە داهاتوو گەشەی زیاتر بكەم.
* كێشە و گرفتی ئەم یارییە زیاتر لە چی دەبینی؟
- لە نەبوونی شوێنی تایبەت لە پاسكیلسواری و پەرەپێنەدانی یاریزانانی پاسیكلسواری و كەمیی پشتگیریی، ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێش نەكەوێت.
* تۆ قوتابی زانكۆیت خوێندن تاچەند دەبێتە رێگر لە خوێندنت؟
- خوێندن زۆر بۆتە رێگر، چونكە من تا درەنگ هەر لە زانكۆم، لەلایەكی تریش دادەبڕێم لە خوێندن گرنگیی پێ نەدانم بە وانەكان ماندووبوونم لە زانكۆ بۆیە تاڕادەیەك خوێندن بۆتە بەربەستم لە گشت یارییە وەرزشییەكان.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك لە یاریی پاسكیلسواری چییە؟
-بەهیوای ئەوەم لە داهاتوو بتوانم ببمە باشترین یاریزانی یارییەكانی هەردوو یاری پاسكیلسواری و یاریی فوتساڵ یاخود ڕاهێنەرێكی باشی ئەم یارییە بم.
* حەز دەكەی هەڵبژاردەی پاسكیلسواری كوردستان دروست بێت تۆش یەكێك بیت لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە؟
-بەڵێ بە دڵنیاییەوە حەز دەكەم هەڵبژاردەی پاسكیلسواری كوردستان دابمەزرێت و بتوانین بەشداری بكەین لەخولە نێو دەوڵەتییەكان و ناوی كوردستانیش بەرز بكەینەوە .
* بۆ ئایندەی خۆت وەكو كچە یاریزانێك بەنیازی چیت؟
- بەرنامەیەكی ئەوتۆم نییە، چونكە ئێستا قەیرانی داراییە و یارییەكان تا ڕادەیەك ئەنجام نادرێن، بەڵام بەردەوامیم لە مەشقكردن بۆ ئەوەیە هەموو كات ئامادەبم بۆ یارییەكان.
* یانەكەتان تاچەند هاوكارتانە؟
-زۆر باشن و دەستخۆشییان لێ دەكەم كە ئەوان بەردەوام هاوكاری ئێمەن بۆ زیاتر بەرەودان بە ئاستی وەرزشی خۆمان.
* ئاستی وەرزشیی لە دەڤەرەكەتان چۆن دەبینی؟
- زۆر خراپە و هیچ گرنگیی پێ نەدراوە، بەتایبەت بۆ ئافرەتان بە گشت یارییەكانەوە، ئەگەر پەرە بە تواناكانی كچە یاریزانانی دەڤەری سۆران بدرێت، یاریزانی زۆر باشمان هەیە كە بۆ هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتكراون، بەڵام بەداخەوە لە دەڤەری سۆران گرنگیی پێویستی پێی نەدراوە.
* تۆ یاریزانی فوتساڵ و گۆڕەپان و مەیدان و پاسكیلسواری لەكامیان سەركەوتوویت؟
- سوپاس بۆ خوای گەورە ئەوەی بەشداریم كردبێت تێدا سەركەوتووبووم و ئەنجامی باشم بەدەست هێناوە، بەڵام یاریی فوتساڵ زیاتر گرنگیی پێی دەدەم چونكە سەركەوتنی باشترم بەدەستهێناوە .
* ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایی؟
-هیوادارم گرنگیی زیاتر بە وەرزش بدرێت لە دەڤەری سۆران و بەتایبەت وەرزشی ئافرەتان، سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەكەین كە بەردەوامە لە خزمەتكردنی وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی.
Top