ڕاهێنەری تۆپی پێی كەركووك: ڕوحیەتی سەركەوتن لە تیپەكەماندا بوونی هەیە

ڕاهێنەری تۆپی پێی كەركووك: ڕوحیەتی سەركەوتن لە تیپەكەماندا بوونی هەیە
هەرچەندە ئەم وەرزە یانەی وەرزشیی كەركووك بە دەرنگەوە ئامادەكاری بۆ بەشداریكردنی لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان كرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی وەرزی نوێی خولەكە ئامانجی گەورەی هەبووە وەكو سەرجەم یانە بەشداربووەكانی تری كوردستان. یانەی كەركووك لە كۆمەڵەی یەكەمی خولەكە لە كۆی ئەنجامدانی یارییەكانی ئەم وەزرە توانیویەتی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات لە یارییەكە سەرەڕای ئەو بارودۆخە خراپەی دارایی كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە قەیرانەكە بەرۆكی گرتوون، بەڵام تیپەكە نایەوێ كۆڵبدات بە نیازە زیاتر هەنگاو بنێت بۆ لوتكەی یانەكانی كۆمەڵەكەی، لە بارەی ئەنجامی تیپەكەش دارەوان قادر ڕاهێنەری تۆپی پێی یانەی وەرزشی كەركووك بە گۆڤاری گوڵان-ی راگەیاند: «لە ئێستادا بارودۆخی تیپەكەمان زۆر باشە و روحیەتێكی باشمان هەیە بۆ بردنەوە و هەنگاونان بۆ لوتكەی یانەكان، گەرچی بارودۆخێكی خراپی داراییمان هەیە، بەڵام ئەم بارودۆخەش كاریگەری نەكردۆتە سەر ئاستی تیپەكەمان، چونكە یاریزانانی ئێمە دڵسۆزییەكی زۆریان تێدایە و یاری بۆ یاری ئاستیان باشتر دەبێت، بە خۆشحاڵیشەوە تیپەكەمان مووچەی یاریزانانی خۆمانی دابین كردووە، ئەوەش تاڕادەیەك باشە، هەرچەندە هێشتا یارییەكانی خولی كوردستان ماوە، بەڵام ئێمەش بە هیچ شێوەیەك سارد نابینەوە وبەردەوام دەبین لە پێشڕەوی كردن بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن لەم وەرزەدا.
Top