راهێنەری برایەتی: لە یارییەكەی بەرانبەر نەورۆز ئاستێكی جیاواز پێشكەش دەكەین

راهێنەری برایەتی: لە یارییەكەی بەرانبەر نەورۆز ئاستێكی جیاواز پێشكەش دەكەین
ئەمرۆ چوارشەممە لە بارەگای یانەی برایەتی، كۆنگرەی رۆژنامەنووسی بۆ راهێنەری یانەی برایەتی فاتح حەمە خان و یاریزانی یانەكە رێبوار نجمەدین سەبارەت بە یارییەكەی برایەتی و نەورۆز ئەنجامدرا.
سەبارەت بە یارییەكە فاتح حەمە خان گوتی: هەر یارییەك باروودۆخی تایبەتی خۆی هەیە، هەرچەندە ئێمە لە یارییەكان باش یاری دەكەین، بەڵام كێشەی ئێمە گۆڵنەكردنە ئەوەش بۆ كەمتەرخەمی یاریزانانی هێڵی هێرشبەر دەگرێتەوە، هەرچەندە كارمان لەسەر ئەم خاڵە كردووە، بەڵام بە بۆچوونی خۆم یاریزانی عەبدولقادر قادر گۆڵكاری وەرزی رابردووی خولی كوردستان فشارێكی زۆری لەسەر هەیە بۆیە نەیتوانیوە بە ئاستی راستەقینەی خۆی دەربكەوێت.
لە درێژەی قسەكانیدا فاتح حەمە خان گوتی: بەبۆچوونی خۆم بە دەستنەهێنانی سەركەوتن لە نێو یاریگەی خۆمان لەم وەرزە، بۆ بوونی فشاری جەماوەر و دەستەی كارگێری یانەكە لەسەر یاریزانان دەگرێتەوە، چونكە ئامادەبوونیان لە نێو یاریگا بوویتە فشار لەسەر یاریزانان، هەرچەندە دەستەی كارگێری یانەكە بەهیچ شێوەیەك دەست لە كارووباری تیپەكە وەرنادات.
لە كۆتایی قسەكانیدا فاتح حەمە خان گوتی: یاری بەرانبەر نەورۆز یارییەكی چارەنووسازە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەسەر هیوای بە دەستهێنانی یەكێك لە بلیتەكانی سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین، بۆیە لە كاتی شكستهێنانیش زۆر ئاساییە، ئەگەر لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە دووربخرێمەوە، چونكە ئەمە وەرزشە هەموو شتێكی لێ چاوەروان دەكرێت.
دواتر رێبوار نەجمەدین یاریزانی یانەی برایەتی سەبارەت بە یارییەكە گوتی: وەكو یاریزانان بە باشی خۆمان ئامادەكردووە و هەوڵی خۆمان دەدین سەركەوتن لەم یارییە بە دەستبهێنین.
جێگەی باسە رۆژی پێنچشەممە لە یاریگەی برایەتی كاتژمێر 2:30 خولەكی ئێوارە هەردوو یانەی برایەتی و نەورۆز رووبەرووی یەكتر دەبنەوە.
رێبین رەمزی
Top