رۆژ بە رۆژ ژمارەی یاریزانانی بادمنتۆن لەزیادبووندایە

رۆژ بە رۆژ ژمارەی یاریزانانی بادمنتۆن لەزیادبووندایە
دانا سائیر یاریزانی بادمنتۆنی یانەی وەرزشیی ئەكاد:
یانەی ئەكاد یەكێكە لەو یانانەی كە ساڵانە چەندین خولی پێگەیاندنی یاریزانان دەكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا پشت بە یاریزانانی خۆی ببەستێ بۆ خول و پاڵەوانێیتەكانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، یاریی بادمنتۆنیش یەكێكە لەو یارییانەی كە خاوەن جەماوەرێكی تایبەتی خۆیەتی، لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێریش یانەی ئەكاد-ی عەینكاوە گرنگیی تایبەت بەو یارییە وەرزشییە دەدات و قوتابخانەی پێگەیاندنی بۆ یاریزانان كردۆتەوە. یەكێك لەم یاریزانانەی كە دواڕۆژێكی باش چاوەڕوانی دەكات دانا سائیر-ـە و لەدایكبووی ساڵی 1997ی شارۆچكەی عەنكاوەیە. لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.

*چۆن بوو لە نێو ئەم هەموو یارییە وەرزشییە بادمنتۆنت هەڵبژارد؟
- خولیاو حەزی زۆرم بۆ ئەم یارییە وای لێ كردم بتوانم سەرسام بم بە یارییەكانی بادمنتۆن و خۆشبەختانەش توانیم تێیدا سەركەوتووبم، كە ئەویش بە پاڵپشتیی راهێنەر و ماڵەوەمان بوو.
*ئاستی یارییەكانی بادمنتۆن-ی كوردستان لە چ ئاستێكدا دەبینی؟
- تا رادەیەك دەتوانم بڵێم ئاستی ئەم یارییە زۆر باشە لە سەر ئاستی كوردستان، بۆیە پاڵەوانێتی لە دوای پاڵەوانێتی ژمارەی یاریزانانی یانەكان روو لە زیادی دەكەن. چەند یاریزان لەم پاڵەوانێتییە زیاد بێت، ئاستی زیاتر بەرز دەبێتەوە بە پشتگیری كردنیشی دەگاتە قۆناغێكی باش.
*ئایا نەكردنەوە، یان كەمكردنەوەی پاڵەوانێتییەكان تا چەند ئاستی ئەم یارییە دادەبەزێنێت؟
- بێگومان ئەوە كاریگەری هەیە لەسەر ئاستی تیپەكانیش، چونكە چەند پاڵەوانێتیی زیاتر بكرێتەوە، ئاستی ئەم یارییە زیاتر پێشوەچوون بەخۆیەوە دەبینێ، بە هیوای ئەوەین زیاتر گرنگی بە یاریی بادمنتۆن بدرێت، چونكە چەندین یاریزانی بەتوانامان لە هەولێر هەیە.
*وەكو یاریزانێك گرفتی ئەم یارییە زیاتر لە چیدا دەبینی؟
- نەكردنەوەی خولی بەردەوام و نەبوونی هۆڵی پێویست بۆ ئەم یارییە و گرفتی دارایی ئەمانە هەمووی كۆسپن لە بەردەم بەرەوپێشچوونی زیاتری ئەم یارییە لە كوردستان. بۆیە بە باشتربوونی ئەم گرفتانەی باسم كرد ئاستی یارییەكەمان دەگەشێتەوە.
*یانەی ئەكاد چۆن هاوكاریتان دەكات؟
- بە سوپاسەوە هاوكارییەكی باشی سەرجەم یارییە وەرزشیەكانمانن، ئەوان بوونەتە هۆكار بۆ ئەوەی ئێمە بەردەوام بین لە وەرزشكردن و بتوانین زیاتر پەرە بەتواناكانی وەرزشیمان بدەین، بە دابینكردنی جل و بەرگی وەرزشی و هۆڵ و چەندین پێداویستی دیكە هەمیشە پشتیوانمان بوون.
* پێتوایە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی یارییە وەرزشییەكان زیاتر بەرز بێتەوە؟
- بە هیوای ئەوەم قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداربن لە یارییە وەرزشییەكان لەسەرجەم شارەكانی كوردستان، دابینكردنی هۆڵی وەرزشی و كەل و پەلی پێویست بەم یارییە و گرنگیدان بە یارییە لەلایەن بەرپرسانی وەرزشییەوە.
* هیواو ئاواتت وەكو یاریزانێك لەم یارییەدا چییە؟
- بە هیوای ئەوەم بتوانم لە داهاتوودا بە ئاستی خۆم بگەمە ریزی هەڵبژاردەی عێراق و بتوانم ئەنجامی شایستە بەدەستبهێنم لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان.
* داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس چییە؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە تواناكانی یاریزانان بدەن لەسەرجەم شارەكانی كوردستان و خول و پاڵەوانێتیی بەردەوام بكرێتەوە بۆ ئەوەی وەرزشكاران زیاتر خولیای یارییەكان بن.
* تاكو ئێستا هیچ یانەیەك داوای گرێبەستی لێ نەكردوویت؟
- نەخێر، چونكە من پەیوەستم بە یانەی ئەكادو هەر خزمەتی ئەو یانەیە دەكەم.
* خوێندنت كاریگەری لەسەر وەرزشكردنەكەت درووست نەكردووە؟
- تاكو ئێستا نەخێر، چونكە من بە پێی بەرنامەكانم هەردووكیان ئەنجام دەدەم، وەرزشەكەم و خوێندنەكەشم بایەخی خۆیان هەیە.
* ماڵەوەتان تاچەند بۆ وەرزشكردنت هاوكاریت دەكەن؟
- سوپاسی خانەوادەكەم و راهێنەرەكەشم دەكەم كە بەردەوام هاوكاری منن بۆ ئەوەی بتوانم زیاتر پەرە بە تواناكانم بدەم لە یاری بادمنتۆن.
* لە كۆتاییدا دەتەوێ باسی چی بكەی؟
- تەنیا دەمەوێ سوپاسی گۆڤاری گوڵان بكەم، كە بەردەوام لەناو خەمەكانی وەرزشكارانە و بەبێ جیاوازی، وەرزشكارانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان بەسەر دەكاتەوە.
Top