سەفین كانەبی: رەنگە یەكێتی تۆپی پێی عێراق لقەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی نەبنە جێگەی متمانەی ئێمە
دەستەی گشتی یەكێتیەكان رێژەیەكی بچووك بوون، بە تایبەتی بەشداری پێكردنی یانەكانی شارەكان لەم هەڵبژاردنە.
لەمباریەوە سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و ئەندامی لێژنەی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكە گلەیی خۆی لەسەر ئەم بابەتە كرد و گوتی: من لە سلێمانی و هەولێر پێش دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان گلەییم لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق لقی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كرد، چونكە ژمارەی ئەندامانی دەستەی گشتی هەڵبژاردنەكە بەهیچ شێوەیەك تەعبیر لە وەرزشوانانی شارەكان ناكات، ناكرێت لە دوو پارێزگای گەورەی هەولێر و سلێمانی تەنیا شەش یانە مافی دەنگدانیان هەبێت، بۆچی بەشداری بە یانەكانی تر نەكراوە بۆ ئەوەی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و یەكێتی تۆپی پێی كوردستان متمانەیان پێ بكات، چونكە یانەكان بەشداری لە خولەكانی كوردستان دەكەن كەچی لە دەستەی گشتی یەكێتی تۆپی پێی لقی شارەكان نەبوون و مافی دەنگدانیان نەبوو، ئەمەش جێگەی داخە.
لە درێژەی قسەكانیدا سەفین كانەبی گوتی: ئێمە لە كۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی تەنفیزی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە دەكەین، رەنگە گلەیی خۆمان بەفەرمی رابگەینین یاخود ئەم یەكێتیانە نەبنە جێگەی متمانەی ئێمە، هەرچەندە حەز ناكەین لە شارەیەك دوو یەكێتی وەرزشی تایبەت بە تۆپی پێی هەبێت، بەڵام دەكرا ئامادەبوون لەم رێژەیە زیاتر و باشتر بووایە.
سەفین كانەبی ستایشی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لقی كەركووكی كرد و گوتی: زۆر دڵخۆشین، كە یەكێتی تۆپی پێی عێراق لقی كەركووك بەشداری بەم هەموو یانەكان كرد لەم هەڵبژاردنە، بۆیە ئەندامانی یەكێتیە دەبنە نوێنەری ئێمەش لە شاری كەركووك، چونكە بەشداریان بە هەموو یانەكان كردووە بەتایبەتی ئەو یانانەی، كە بەشداری لە چاڵاكییەكانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكەن.
جێگەی باسە لە شاری سلێمانی رێگە بە چەندین یانە نەدرا، كە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن و بەهەمان شێوە لە شاری هەولێر تەنیا 11 كەس ئەندامی دەستەی گشتی بوون لەم ژمارەیە تەنیا 6 یانە بوون.
رێبین رەمزی
