كوردێك دەبێتە جێی متمانەی راهێنەرانی ئەوروپی

كوردێك دەبێتە  جێی متمانەی راهێنەرانی ئەوروپی
یەحیا محەمەد-ی تەمەن 13ساڵ و یاریزانی تازەپێگەیشتووانی یانەی وەرزشیی هەولێر، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی شاری هەولێرە و ماوەیەكە لەگەڵ ئەكادیمیای ئەنقەرای نێودەوڵەتی رێككەوتووە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی راهێنانی بكەن، لە داهاتووشدا سوود لە تواناكانی وەربگرن و سوودی هەبێت بۆ وڵاتی توركیا و دەرەوەش، بڕیاریشە لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ یەحیا محەمەد بە یەكجاری روو لە وڵاتی توركیا بكات بۆ ئەوەی پێوەندیی فەرمی بەم ئەكادیمیاوە بكات. لەبارەی پێوەندی كردنیشی بە ئەكادیمیای نێودەوڵەتی ئەنقەرە، بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «من بە فەرمی لەلایەن دەستەی راهێنەرانی ئەكادیمیای ئەنقەرەوە هەڵبژێردراوم بۆ ریزی ئەكادیمیایەكە و لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ پێوەندییان پێوە دەكەم، چونكە من قوتابیم و دەمەوێ خوێندنەكەم تەواو بكەم، ئەوكات گەشتی ئەوێ دەكەم، ئەوان سەرپەرشتیمان دەكەن لە نێوان ژمارەیەكی یەكجار زۆری یاریزانان ئێمە بە فەرمی تاقیكراینەوە و منیش توانیم سەركەوتن بەدەست بهێنم و ببمە یەكێك لە یاریزانانی ئەو ئەكادیمیاییە». لە بارەی چوونی بۆ وڵاتی ئیتاڵیاش گوتی: «راستە ئیتاڵیا داوای منیان كردبوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئابووری نەمتوانی لەسەر حیسابی خۆم سەفەر بكەم، بۆیە ئەوەی ئەنقەرە بۆ من باشتربوو و بە فەرمیش من گرێبەستیان لەگەڵدا دەكەم كە سەرجەم خەرجی و خوێندنیشم لەسەر ئەكادیمیای ناوبراو دەبێت. واتە لە رێگەی پارێزەرەكەی خۆمان گرێبەست دەكەین لەگەڵ ئەوان و هیچ گرفتێكمان نییە، ئامانجی من ئەوەیە لە وڵاتی توركیاوە خۆم دروست بكەم و وەكو میسییەكی كورد بناسرێم و ناوی كوردستانیش بەرز بكەمەوە، بۆ منیش جێگەی شانازییە كە لە ناو یاریزانانی ئەم هەموو وڵاتە هەڵبژێردراوم و ئامانج بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورەیە و لەوێشەوە هەنگاو بۆ یانەیەكی گەورە بهاوێم.
Top