یانەی زێرەڤانی پاڵەوانی سێ وەرزی رابردووی خولی نایابی یانەكانی كوردستان ئەمساڵ هەرچەندە ئامادەكاری پێویستیان كردبوو بۆ ئەوەی بتوانن لە یارییەكانی وەرزی نوێ ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی ئەنجامی شایستە لە پێنج یاریی رابردووی خولی كوردستان و بەدەستنەهێنانی هیچ سەركەوتنێك، بۆیە سلێمان رەمەزان-ی راهێنەری یانەكە بە فەرمی دەستی لە مەشقی تیپی تۆپی پێی زێرەڤانی كێشایەوە. هەرچەندە كارگێڕانی زێرەڤانی لە هەوڵی ئەوە بوون بتوانن راهێنەرێكی بەئەزموون بۆ شوێنی ناوبراو دیاری بكەن، بەڵام دواجار بڕیاردرا غەزوان محەمەد بە شێوەیەكی كاتی بە سەرپەرشتی تیپی تۆپی پێی یانەكە دیاری بكرێت، لە بارەی دانانی یاریدەدەری راهێنەر وەكو راهێنەری تیپەكە بە شێوەیەكی كاتی، عەبدولخالق حەسەن سەرۆكی یانەی وەرزشیی زێرەڤانی بۆ گوڵان گوتی: «دوای دەست لەكاركێشانەوەی راهێنەری پێشوومان، ئێمە لە هەوڵی ئەوە بووین شوێنی ناوبراو پڕ بكەینەوە و چەندین راهێنەر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیی یانەی زێرەڤانی لە ئەستۆ بگرن، بەڵام ئێمە بە شێوەیەكی كاتی تاكو كۆتایی هاتنی قۆناغی یەكەم غەزوان محەمەد-مان كردۆتە راهێنەری تیپەكە، ئەگەر ئەنجاممان باش بێت، ئەوە بەردەوام دەبین لەگەڵ راهێنەری تازەی یانەكەمان، ئەگەر ئەنجامەكەشمان وەكو پێویست نەبێت، ئەو كات راهێنەرێك بۆ بەڕێوەبردنی تیپەكەمان دیاری دەكەین. ئێمە بڕوای تەواومان بەخۆمان هەیە كە بتوانین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین لە یارییەكانی داهاتوو بۆ ئەوەی ئاستی ئێمە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی، چونكە ئێمە پاڵەوانی سێ وەرزی رابردووی خولی نایابی كوردستانین و دەمانەوێ ئەم دەستكەوتە بپارێزین.