لە خولی نایابی فۆكسی عێراق... دهۆك بەرانبەر تەڵەبە یاری ناكات
لە دوو رۆژی رابردوو یانەی دهۆك نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق كرد، بەمەبەستی دواخستنی یارییەكەی بەرانبەر یانەی تەڵەبە بۆ كاتێكی تر بەهۆی خراپی باری دەروونی یاریزانانی یانەكە دوای دەرچوونیان لە چوار گۆشەی زێرینی جامی عێراق و رووداوەكانی دوای و پێش دەستپێكردنی یارییەكە، بەڵام ئەمرۆ سێشەممە یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی داوایەكی یانەی دهۆك-ی رەتكردووە و تەئكیدی لەوە كردووە، كە یارییەكە لە كات و شوێنی دیاریكراو ئەنجام دەدرێت.
لەگەڵ بڕیاری یەكێتی تۆپی پێی عێراق، یانەی دهۆك ئامادەنەبوو گەشتی شاری بەغداد بكات و ئامادەی یارییەكە بێت بە بیانووی نەبوونی بلیتی فرۆكە لە هەولێر بۆ بەغداد.
بەڵام بە پێی سەرچاوەیەكی باوەرپێكراو و نزیك لە یاریزانەكان تەئكیدی لەوە كردووە، كە هۆكاری نەچوونی یانەی دهۆك بۆ شاری بەغداد بۆ نەبوونی بلیتی فرۆكە نەبووە، بەڵكو یاریزانەكان ئامادە نەبوون بچنە شاری بەغداد، چونكە تا ئێستا یاریزانەكان مووچە و گرێبەستیان لە دەستەی كارگێری یانەكە وەرنەگرتووە، بۆیە تاكە مەرجی یاریزانەكان پێش چوونیان بۆ بەغداد وەرگرتنی پارە بوو.
وا بریارە رۆژی چوارشەممە كاتژمێر 4ی ئێوارە دەستەی كارگێری یانەی دهۆك كۆنگرەی رۆژنامەنووسی ئەنجامبدات بەمەبەستی باسكردنی باروودۆخی یانەكە و هۆكاری نەچوونی تیپی تۆپی پێی یانەكە بۆ شاری بەغداد، بەڵام بە پێی هەمان سەرچاوە رەنگە یانەی دهۆك لەم كۆنگرە رۆژنامەنووسیە بەفەرمی كشانەوەی خۆی لە خولی نایابی عێراق لەم وەرزە رابگەینێت بەهۆی قەیرانی دارایی.
جێگەی باسە یانەی دهۆك لە پلەی یازدەیەم و كۆتایی كۆمەڵەی یەكەم دێت بە كۆكردنەوەی 7 خاڵ و یارییەكی دواخراوی هەیە.
رێبین رەمزیفۆتۆ: شەعلان سپۆرت
