لە خولی نایابی کوردستان ئەمڕۆ برایەتی و دھۆک ، کەرکووک و ھەولێر ڕووبەرووی یەکتری دەبنەوە
لەمیانی یارییەکانی ھەفتەی چوارەمی خولی نایابی یانەکانی کوردستان بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە چەند یاریگایەکی شارەکانی کوردستان لە ھەردوو کۆمەڵەکە شەش یاری گرنگ و بەھێز بەرێوە بچێت، لە کۆمەڵەی یەکەم لە شاری دھۆک لە یارییەکی بەھێزدا ھەردوو یانەی زێرەڤانی و ھەندرێن رووبەرووی یەکتری دەبنەوە بۆ ئەم یارییەش ھەردوو تیپ لە چاوەڕوانی بەدەستھێنانی سێ خاڵی یارییەکەدان ، زێرەڤانی بە ھیوای قەرەبووکردنەوەی شکستە گەورەکەی ھەفتەی ڕابردوو و ھەندرێنیش تێنوی بەدەستھێنانی سەرکەوتنە، یانەی زاخۆش لەسەر یاریگای خۆی لە زاخۆ میوانداری یانەی شێروانە دەکات ،زاخۆ چاوی لە سەرکەوتنە بە پشت بەستن بە یاریگاو ھاندەران قەرەبوو کردنەوەی کشتی ھەفتەی ڕابردوو و شێروانە بە دوای ناونیشانی یەکەم سەرکەوتن دەگەرێت لەم وەرزە کە تاکو ئێستا جگە لە سێ یەکسان بوون تامی سەرکەوتنی نەکردوە، یانەی ھەولێریش دەچێتە کەرکووکی بابەگوڕگوڕ و لەسەر یاریگای ئەو شارە ڕووبەرووی یانەی کەرکووک دەبێتەوە بۆ ئەم یارییەش ھەردوو تیپ لە ئەرکێکی قورسدا دەبن بە ئامانجی بەدەست ھێنانی سەرکەوتن و درێژەدان بە رێتمی ئەنجامە باشەکانیان، ھەولێرییەکان بە شت بە ستن بە یاریزانانی شارەکەیان دەیانەوێ کەرکووک بە ھەمان دەردی زێرەڤانی ببەنە و کەرکوکیش دەیەوێت ببێتە بەربەست بۆ ھەولێر بۆیە پێش بینی دەکرێ یارییەکی بەھێز بەرێوە بچێت لە نێوان ھەردوو تیپ، لە کۆمەڵەی دووەمی خولەکەش لە شاری ھەولێر یانەی برایەتی دوای ئەوەی ھەفتەی ڕابردوو بەبڕیاری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بووە خاوەنی یەکەم سەرکەوتن میوانداری یانەی دھۆکی پێشەنگی گروپەکەی دەکات بۆ ئەم یارییەش کوڕانی فاتیح حمە خان لە ھەوڵی ئەوەدان یەکەم شکست لەم وەرزەدا دووچاری یانەی دھۆک بکەن کە لە سێ یاری ڕابردوو ھیچ یارییەکیان نەدۆڕاندوە و پشت بە یاریگاو ھاندەران دەبەستن بۆ سەرکەوتن لە یارییەکە، دھۆکییەکانیش بە ئومێدەوە ھاتوونەتە ھەولێر بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە ئەنجامە باشەکانیان بدەن و پێشەنگی یانەکانیش قایمتر بکەن، لە شاری سلێمانیش لەسەر یاریگای زانکۆ یانەی نەورۆز میوانداری یانەی گارەی شاری دھۆک دەکات، بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی یانەی نەورۆز بەسەرپەرشتی ئەرسەلان حەلالی ڕاھێنەر دواین یەکە مەشقیەکانیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر یاریگای خۆیان سەرکەوتنێکی بەنرخ بەدەستبھێنین و یاریزانانی گارەش نایانەوێ بە دەستی بەتاڵ بگەرێنەوە شاری دھۆک بۆیە ھەردوو تیپ بە ھیوای سێ خاڵی یارییەکە تێ دەکۆشن، لە پیرمامیش یانەی پێشمەرگەی ھەولێر ڕووبەرووی سۆلاڤی شاری کەرکووک دەبێتەوە بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی یانەی پێشمەرگە ھەموو ھەولێکیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانن یەکەم سێ خاڵ بەدەست بھێنن دوای ئەوەی ھەفتەی ڕابردوو بە ھۆی ھێرشکردنە سەر ناوبژیوانەوە بڕیاری دۆڕاندنیان بەسەردا سەپێنرا ، بەڵام سەمیر بابۆ بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ پلانی تۆکمەی داناوە بۆ ئەوەی بتوانێ بە لێھاتوویی خۆیان سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بھێنن و قەرەبووی شکستەکەش بکەنەوە،سۆلاڤیش کە ھەفتەی ڕابردوو لەسەر یاریگای خۆی دووچاری شکست ھاتبوو ھەوڵدەدەت بە ئەنجامێکی باشەوە بگەرێتەوە کەرکووک پێش بینیش دەکرێ یارییەکی بەھێز لە نێوان ھەردوو تیپ بەرێوە بچێت، ھەریەک لە یانەکانی ھەولێر ودھۆک لە ھەردوو کۆمەڵەکە لە پێشەنگی یانەکان دێن ، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر ٢ی دوای نیوەرۆ بەرێوە دەچێت.
