توركێك دەچێتە زێرەڤانی

توركێك دەچێتە زێرەڤانی
دوای ئەوەی یانەی زێرەڤانی لە دەستپێكی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان بۆ تۆپی پێی ئاستی وەكو پێویست نەبوو و لە كۆی 3 یاری تەنیا دوو خاڵی كۆكردەوە، دەستەی راهێنەرانی یانەكە لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی تیپەكەنە لە رێگەی هێنانی یاریزانێكی پیشەگەر بەمەبەستی بەهێزكردنی هێڵی هێرشبەری تیپەكە.
بەفەرمی رۆژی سێشەممە لە بارەگای یەكێتی تۆپی پێی كوردستان یاریزانی توركی یوسف ئەکبۆلۆت گرێبەستی لەگەڵ یانەی زێرەڤانی مۆركرد بۆ ئەوەی شانبەشانی یاریزانی لیبی حاج عەبدولحەكیم ببێتە دووەم پیشەگەری تیپەكە.
ئەکبۆلۆت لە دایكبووی ساڵی 1990ە و لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات.
لەگەڵ هاتنی ئەم یاریزانە بۆ یانەی زێرەڤانی، ئەوە بەفەرمی گۆڵپارێزی یانەكە زوهێر عەبدولفازل لە تیپەكە دوورخرایەوە، چونكە ناوبراو وەكو پیشەگەر تۆماركرابوو.
جێگەی باسە لە كۆی سێ یاری رابردوو یانەی زێرەڤانی 3 گۆڵی تۆماركردووە و 7 گۆڵی لێ تۆماركراوە و بە ئاشكرا راهێنەری یانەكە سەلێمان رەمەزان تەئكیدی لەوەكردووە، كە هێڵی هێرشبەر لە تیپەكەی كێشەیەكی گەورەی هەیە و پێویستی بە چارەسەركردن هەیە.
رێبین رەمزی
Top