تۆپی دەستی هەولێر سێیەمی كوردستانەو سبەینێش پاڵەوان دەردەكەوێت
بەبردنەوەی لەیانەی سەرچنار، تیپی تۆپی دەستی یانەی هەولێر بوو بە سێیەمی كوردستان.
ئەمرۆ 17-7 لەهۆڵی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و لەدوا هەفتەی یارییەكانی خولی تۆپی دەستی بژاردەی یانەكانی كوردستان، یانەی سەرچنار و هەولێر رووبەڕوی یەكدی بونەوە، لەویارییەدا كێ بڕكێیەكی زۆر لەنێوان یاریزانەكاندا بەدی دەكرا بەڵام هەولێرییەكان لەگۆڵ كردندا سەكەوتوتر بوون، بۆیە تایمی یەكەم بەئەنجامی 18 گۆڵ بەرامبەر بە 14 گۆڵ كۆتایی هات.
لەگەڵ دەست پێكردنەوەی تایمی دووەمدا كێ بڕكێكان توندتر بونەوەو كوڕانی یانەی سەرچنار زیادتر لەگۆڵی یانەی هەولێر نزیك بوونەوە، بەڵام نەیان توانی پێش هەولێرییەكان بكەونو بەجیاوازی تەنها گۆڵێك یارییەكەیان پێ دۆڕاندن، بۆیە لەگەڵ فیكەی كۆتایی یارییەكەدا كەئەنجامەكە 22 بەرامبەر بە 21 گۆڵ بەسوودی یانەی هەولێر بوو، تیپی تۆپی دەستی یانەی هەولێر پلەی سێیەمی خولی كوردستانی مسۆگەركرد.
جێی باسە بڕیارە سبەینێ سێ شەممە كاتژمێر 4ی عەسر لەهەمان هۆڵ، یاری لوتكەو یەكلاكەرەوەی نازناوەكە لەنێوان نەورۆز و سلێمانی ئەنجام بدرێتو بەبردنەوەو یەكسان بوون لەویارییەدا نەورۆز دەبێتە پاڵەوانی كوردستان، هەرچی سلێمانیشە تەنها بەبردنەوە نازناوەكە بەدەست دەهێنێت.
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
