ستیڤن جیرارد كاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەیارییەكانی یۆرۆی 2012 دووپاتیكردەوە بەپابەندبوونی بەیاریكردن لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی تا گەیشتن بۆ یارییەكانی مۆندیال بەرازیل لەساڵی 2014 سەرەرای دەرچوونیان لەقۆناغی هەشتەمی یۆرۆ لەبەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، پێشبینی دەكرا جیراردی تەمەن 32 ساڵ لەدوای ئەم دەرچوونە بڕیاری وازهێنان بدات لەیاریكردن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا، بەڵام جیرارد لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا گوتی : ئەو ئاستە باشەی كە لەیۆرۆدا پێشكەشمان كرد گەشبینیمان پێدەبەخشێت كە داهاتوو باشتر بێت، بەڵام بەمەرجی ئەوەی كە فێربین چۆن زیاتر كۆنتڕۆڵی تۆپ بكەین. هەروەها جیرارد گوتی : لەدوای یارییەكەی ئیتاڵیا بۆ ماوەیەكی كورت لەگەڵ ڕاهێنەر ڕۆی هۆدسۆن قسەم كردووە و من ئامادەم بۆ یاریكردن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەر كاتێك پێویستیان بەتواناكانی من بوو، لەهەندێك كاتدا ئاستمان وەك پێویست نەبوو چونكە ڕێژەی كۆنتڕۆڵی تۆپ لەلای ئێمە وەك پێویست نەبوو، دەبێ ئەم ڕێژەیە باش بكەین ئەگەر بمانەوێ ئاستمان بەرەو پێش ببەین.
لەكۆتایی لێدوانەكەدا جیرارد سوپاسی هاندەرانی ئینگلتەرای كرد و گوتی : هاندەرانمان دەزانن كە ئێمە بۆ بەرژەوەندی هەڵبژاردەكەمان یارییمان كرد، وابزانم بەباشی یاریمان كرد بە بەراورد كردن لەگەڵ پاڵەوانەتییەكانی پێشوو.