50 ملیۆن یۆرۆ لە مان سیتییەوە بۆ فالكاو

50 ملیۆن یۆرۆ لە مان سیتییەوە بۆ فالكاو
راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان ڕایانگەیاند یانەی مانچستەر سیتی پاڵەوانی خولی نایابی ئینگلتەرا بۆندێكی گەورە ئامادە دەكات بۆ كڕینەوەی یاریزانی هەڵبژاردەی كۆلۆمبیا و یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی ڕادمیل فالكاو، ڕۆژنامەی میترۆی ئینگلیزی دووپاتیكردەوە كە لەهەفتەكانی داهاتوو چوار لەهێرشبەرانی یانەی مانچستەر سیتی یانەكە بەجێ دەهێڵن كە بریتین لەیاریزانی ئەرژەنتینی كارلۆس تیڤێز و یاریزانی بۆسنی ئەدین دجیكۆ و یاریزانی تۆگۆلی ئیمانوێل ئەدیبایۆر و یاریزانی پاراگوایی ڕۆكی سانتا كرۆز، ڕۆژنامەكە ئەوەشی ڕوونكردەوە لەدوای تەواوبوونی فرۆشتنی ئەم یاریزانانە یانەی مانچستەر سیتی پارەكان تەرخان دەكات لەمۆركردنی چەند بۆندێك كە یەكێكیان بۆندی یاریزان ڕادمیل فالكاوە.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی لەلای خۆیەوە بەهەمان شێوە باسی ئەم بۆندەی كرد و ڕایگەیاند یانەی مانچستەر سیتی بۆندێكی گەورە ئامادە دەكات بۆ كڕینەوەی یارزان فالكاو كە دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ.
لەلایەكی دیكەوە تۆڕی (ئی ئیس پی ئێن) دووپاتیكردەوە كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئاگاداری سەرجەم ئەو یانانەی كردەوە كە هەوڵی مۆركردنی بۆند لەگەڵ فالكاو دەدەن بەتایبەتی یانەی مانچستەر ستی و ڕایگەیاندووە كە یاریزانی ناوبراو بۆندەكەی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بەردەوامە و هیچ نیازێك نییە كە دەستبەرداری بن، بەڵام ماڵپەڕی كۆت ئۆفساید ڕایگەیاند یانەی مانچستەر سیتی سوڕە لەسەر پێشكەشكردنی بۆند بۆ هەردوو یاریزان ڕادمیل فالكاو و یاریزان ئەدینسۆن كاڤانی یاریزانی یانەی ناپۆلی بۆ ئەم مەبەستەش بڕی 80 ملیۆن پاوەندی تەرخانكردووە.
Top