یاریزانێكی كرواتیا: مۆدریچ لەیانەی ڕیال مەدرید نزیكە

یاریزانێكی كرواتیا: مۆدریچ لەیانەی ڕیال مەدرید نزیكە
یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی كرواتیا ماتی بیلیچ ئەوەی ئاشكراكرد كە هاوڕێكەی یاریزانی هەڵبژاردەی كرواتیا و یانەی تۆتنهام لۆكا مۆدریچ زۆر نزیكبۆتەوە لەیانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی، یاریزان مۆدریچ تەمەن 26 ساڵ كە بەكرۆیفی بچووك ناسراوە پێش چوار ساڵ پێوەندی بەیانەی تۆتنهام كردووە و ئێستا یەكێكە لەئەستێرەكانی خولی ئینگلتەرا، هەر بۆیە یانە گەورەكانی ئەوروپا داوای دەكەن لەپێش هەموویان مانچستەر یونایتد و چێڵسی.
یاریزان ماتی بیلیچ لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی دەیلی مێلی بەریتانی گوتی: من هاوڕێیەكی نزیكی یاریزان مۆدریچم، ئەو دەیەوێ لەخولی ئیسپانیا یاری بكات، ڕاستە ئەو خولی ئینگلتەرای خۆش دەوێت، بەڵام دەیەوێ ڕوو لەلالیگا بكات، بۆیە ئەو زۆر نزیكە لە ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە و یاری كردن بۆ یانەی ڕیال مەدرید. لەلایەن خۆیەوە ئەفسانەی تۆپی پێی كرواتی داڤۆر سۆكەر كە پێشتر بۆ یانەی ڕیال مەدرید یاری كردووە پشتگیری خۆی بۆ ئارەزووەكەی یاریزان مۆدریچ ڕاگەیاند و گوتی: مۆدریچ یاریزانێكە پێویستی بەیاریكردنە لەیانەیەك كە ململانێ لەسەر نازناوەكان بكات، ئەو دەتوانێ لەیانەی ڕیال یاری بكات، هیوادرام سەرۆكی یانەی ڕیال فلۆرەنتینۆ پێرێز بڕیاری كڕینەوەی بدات، چونكە ئەگەر ڕیال مەدرید بۆندی لەگەڵ مۆر نەكات ئەوە دەچێتە یانەی چێڵسی یان مانچستەر سیتی.
Top