رۆبەرتۆ كارلۆس: گواردیۆلا دەتوانێ ئەوە بكات كە مۆرینۆ لە چێڵسی و ئینتەر میلان كردی؟

رۆبەرتۆ كارلۆس: گواردیۆلا دەتوانێ ئەوە بكات كە مۆرینۆ لە چێڵسی و ئینتەر میلان كردی؟
رۆبەرتۆ كارلۆسی بەرگریكەری بەناوبانگی بەرازیلی و یاریزانی ئێستای یانەی ئینجی رووسی گوتی بێگومان مۆرینۆ لە پیپ گواردیۆلای راهێنەری بەرشەلۆنە باشترە، چونكە مێژوو شایەدی ئەوەیە.
كارلۆس كە ئاشكرای كرد لە كۆتایی وەرزی ئەمساڵدا واز لە یاریكردن دێنێت دووپاتی كردەوە تا ئێستا مۆرینۆ راهێنەری ژمارە یەكە لە جیهانی تۆپی پێدا و ئەمەش هەم بەهۆی ئەو كەسایەتییە بەهێز و خۆشەویستەی هەیەتی لای یاریزانەكانی، هەم بەهۆی دەستكەوتە گەورەكانی لە پورتوگال و ئینگلتەرا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا.
كارلۆس گوتی پیپ راهێنەرێكی لێهاتووە، ئەو كەسێكی زۆر شیاوە بۆ بەرشەلۆنە و نكوڵی لەوە ناكرێت، بەڵام كاتێك بەراوردی دەكەین بە مۆرینۆ دەبێ ئەوەمان لە بیر بێت گواردیۆلا تا ئێستا تەنیا راهێنەری بەرشەلۆنە بووە و لە ئیسپانیا كاری كردووە، دەبێ لە بیرمان بێت مۆرینۆ لە چوار خولی جیاوازدا كاری كردووە و سەركەوتنی گەورەشی بەدەست هێناوە.
هەروەها گوتی كاتێك دەتوانین بەراوردی پیپ بە مۆرینۆ بكەین، كە پیپ لە یانەكانی چێڵسی و ئینتەر میلان مەشقی دابێت و دەستكەوتی بەدەست هێنابێت.
Top