یانەی سۆلاڤ:نەبوونی یاریگا كێشەی سەرەكی ئێمەیە

یانەی سۆلاڤ:نەبوونی یاریگا كێشەی سەرەكی ئێمەیە
تیپی تۆپی پێی یانەی سۆلاڤ یەكێكە لەتیپە هەرە كۆنەكانی شاری كەركوك، مێژووی دامەزراندنی یانەكە بۆساڵی 1969دەگەڕێـتەوە، ماوەیەكی زۆر لەشاری كەركوك بەردەوامە لەئەنجامدانی چالاكیە جۆراوجۆرەكانی، تیپی تۆپی پێی یانەكەش یەكێكە لەتیپە دیارەكانی یانەكە و ئەمساڵیش لەخولی پلە یەكەكانی كوردستان بەشدارە، بەڵام لەسەرەتای خولەكەوە تاكو ئێستا ئاستی وەكو پێویست نەبووە، ئێمەش ئەم ڕاپۆرتەمان ئەنجامدا.
نیزال عەبدوڵڵا ڕاهێنەری یانەی وەرزشی سۆلاڤ لەبارەی ئاستی یانەكەیان لەم وەرزە وتی «ئێمە سەرەتا خۆ ئامادەكردنمان بۆیارییەكانی خولی پلە یەكی كوردستان زۆر زۆر باش بوو، بەڵام دوای ئەوەی بەشداری یارییەكانی خولی پلەیەكی كوردستانمان كرد، ئاستمان خراپ بوو زۆربەی یاریزانەكانمان تووشی شكانەوە بوون تا ئێستاش خۆمان نەگرتۆتەوە بۆئەوەی بگەڕێینەوە سەر ئاستی ڕاستەقینەی خۆمان، وتیشی هۆكاری كێشەی ئێمە ئەوەیە كەوا یاریزانەكانمان ئەمساڵ لەخولی پلەیەك بەشدارن و ئاستی زانستی وەرزشیان زۆر زۆر كەمە، یارییەك كە خراپ یاری بكەین یاخود تووشی دۆڕان ببین ئەوە كاریگەری دەبێت و بۆماوەیەكی زۆر لەسەریان دەمێنێتەوە، لەهەندێك یاریشمان بەهۆی پێكانی زۆری یاریزانەكانمان تووشی شكست دەبووین، ئێمە ئەمساڵ لەئێستادا تەنیا بۆمانەوە لەخولی پلەیەكی كوردستان هەوڵدەدەین ئەگەرنا هیچ هیوایەكی وامان نەماوە ئەو ئاستەی ئێستاشمان لەخواستی ئێمە وەكو دەستەی ڕاهێنەران و كارگێڕانی یانەكەشمان نەبووە یاریزانەكانیشمان لەو باوەڕە نەبوون كە ئاستی یانەكەمان بگاتە ئەو دۆخە، وتیشی ئەمساڵ خولی پلە یەكەكانی كوردستان یەكجار بەهێزە یانەكان هەموویان ئاستیان لێك نزیكەوە هەر یانەو هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە دەدات، زۆر یانەی بەهێزیشی تێدایە كە شایستەی خولی پلە نایابن.
بێستون عەدنان یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی سۆلاڤ لەم بارەیەوە گوتی «ئەمساڵ ئاشكرایە كە خولی پلە یەكی كوردستان زۆر زۆر بەهێزە، یانەكان بەگشتی ئاستیان بەرز بۆتەوە، هەموو یانەكان ململانێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی پلیتی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، ئێمەش وەكو یانەی سۆلاڤ ئاستمان وەكو پێویست نەبووە، هەر چەندە ئێمە وەكو دەستەی ڕاهێنەران هیچ كەموكوڕییەكمان نەبووە لەڕووی دانەوەی مەشقەكان، بەڵام كە دەچینە نێو یاریگا یاریزانەكان ئەو ئەركانەی ئێمە پێیان ڕادەسپێرین ئەوانە جێبەجێ ناكەن، بۆیە تووشی شكست دەبین لەیارییەكان، گوتیشی لەئێستادا هەموو هیوایەكمان تەنیا مانەوەیە لەخولی پلەیەكی كوردستان و بۆساڵی داهاتووش بەرنامەی باشتر دابڕێژین بۆئەوەی ئاواتەكەمان بهێتە دی. هەر چەندە لەساڵانی ڕابردوو لەڕیزی پلە نایابەكان یاریمان كردووە، بەڵام ئێستا ئاستمان وەكو جاران نەماوە بۆ ئاییندەش هەوڵدەدەین بتوانین یاریزانی بەتوانا لەیانەكەمان كۆبكەینەوە بۆبەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەیارییەكانی خولەكە، گوتیشی كێشەی سەرەكی ئێمە نەبوونی یاریگایەكی تایبەت بەخۆمانە، چونكە تەواوی یارییەكانی ئەمساڵمان لەیاریگای سێیەمی یانەی كەركوك كردووە، ئەوەش كاریگەری هەبووە لەسەر ئەنجامی یانەكەمان، تەواوی یاریزانەكانیشمان خەڵكی شاری كەركوكن و لەهیچ شوێنێك یاریزانمان نەهێناوە و پشتمان بەیاریزانانی شارەكەی خۆمان بەستووە.
محەمەد ڕەمەزان كاپتنی یانەی سۆلاڤ وتی «بەڕاستی ئێمە ئەمساڵ هەموو هیوایەكمان گەیشتن بوو بۆ ڕیزی پلە نایابەكانی كوردستان بۆ ئەوەی شان بەشانی یاریزانانی شارەكەمان بگەینە ئامانجی خۆمان، بەڵام ئەمساڵ لەنێو یاریگا ئاستمان وەكو پێویست نەبووە، هەر چەندە دەستەی ڕاهێنەرانیش هیچ كەمتەرخەمیەكیان نەبووە بۆئێمە، بەڵام یانەكانی خولی پلە یەك زۆر زۆر بەهێزن و هەموویان یاریزانی بەتوانایان لەدەوری خۆیان كۆكردۆتەوە، ئێمە لەزۆربەی یارییەكانی ئەم وەرزەمان لەدەرەوەی یاریگای خۆمان یاریمان كردووە كە كاریگەری هەبووە لەسەر ئەنجامی تیپەكەمان، چونكە تاكو ئێستا یاریگایەكی تایبەت بەخۆمان نییە كە شیاو بێت، پێویستە لەسەر بەرپرسانی شارەكەمان خەمێكی جددیمان لێ بخۆن بۆ دروستكردنی یاریگایەتی تایبەت بەخۆمان كە شیاوی یاریكردن بێت، ئەمساڵ تەنیا تاكە هیوامان مانەوەیە لەخولی پلە یەكەكانی كوردستان بۆئەوەی بۆساڵی داهاتوو ئەنجاممان هەبێت، یەكێتی تۆپی پێی كوردستانیش زۆری هاوكاری تیپەكان دەكات.
Top