عەلی حەمید (فەروید): یاریزانی تۆپی ناو ئاوی هەڵبژاردەی ئێران:بەهیوای ئەوەم گەنجان كوردستان زۆرتر بەم یارییە ئاشناین
* سەرەتای دەست بەوەرزشكردنت چۆن بوو؟
- لەتەمەنی پێنج ساڵیدا دەستم بەوەرزشی مەلەوانی كرد، دواتریش چوومە ڕیزی یانەی كۆمپانیای نەوت، چەندین ئەنجامی بەرچاوم بەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی ئێران باشترین یاریزانی وڵاتی ئێران بوویمە لەمەلەوانی، بۆهەڵبژاردەی تۆپی ناو ئاوی ئێران یاریم كردووە، گۆڵچی تیپەكە بوویمە، هەموو قۆناغەكانی هەڵبژاردەی ئێرانم بینیوە. خۆشم ڕاهێنەری كۆمپانیای نەوت بوومە لەئێران بەرزترین بڕوانامەی ڕزگاریم لەناو ئاودا هەیە كە لەبەلجیكا هێناومە.
* لەئێستادا لەم ماوەی هاتوویتە كوردستان یاری تۆپی ناو ئاوت بینیوە لەكوردستان؟
-نەخێر، بەڵام بەهیوای ئەوەم ئەو یارییەش كە یارییەكی جیهانیە بێتە كوردستان، لەم ماوەیەش كە لێرە بوویمە نەمزانیوە مەلەی ئێرە زۆر بەهێز بێت. زۆریش حەز دەكەم ئەو یارییە پێشبكەوێت.
*حەز دەكەی لەكوردستانیش ئەو یارییە پێشبكەوێت؟
-بەهیوای ئەوەم یاری مەلەو تۆپی ناو ئاو لەئاستێكی جیهانی ببینم لەكوردستان.
*تا ئێستا چەند مەدالیای زێڕت بەدەستهێناوە؟
-زیاتر لە10مەدالیای زێڕم بەدەستهێناوە لەپاڵەوانێتەیە جۆراوجۆرەكان، زیویشم بەدەست هێناوە.
*لەئێران بەشداریكردنی ئافرەت لەیاری مەلە وەكو پێویستە؟
-بەڵێ ئافرەتانی ئێران زۆر حەز لەوەرزشی مەلە دەكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە دەبێت پەیڕەوی ئایینی ئیسلام بكەن كە پەیڕەوی ئایینی وڵاتەكەیە، ئافرەت نابێت لەمەلەوانی بەشداری پاڵەوانێتەیە نێودەوڵەتیەكان بكات. بەڵام لێرە هەست دەكەم كە ئافرەت ئازادیەكی زۆری هەیە لەوەرزش بەتایبەتی مەلەكردن.
*هەست ناكەی لەم ماوەیەی لەكوردستانی وەرزشی تۆپی ناو ئاو بوونی نییە؟
- بێگومان من لەم ماوەیە زۆر سەرنجی ئەوەم دا كە زۆر وەرزش لەكوردستان بوونی هەیە كەچی وەرزشی تۆپی ناو ئاو تاكو ئێستا نەك نییە بەڵكو ناویشم گوێ لێ نەبووە. بەڵام یاری مەلە هەیە لێرە، بەڵام بەم شێوەیە نییە كە ببێتە جێگای دڵخۆشی، بەهیوای ئەوەشم كەوا ئەو گەنجانەی لەش ساغ و تەندروستن بێنە ناو وەرزش و وەرزشی تۆپی ناو ئاو دروست بكەن. دەتوانن پێشكەوتنی باش بەخۆیانەوە ببین.
*دەتوانی تیپێك لەهەرێمی كوردستان داوەتی وڵاتی ئێران بكەی بۆ ئەنجامدانی چەند چالاكیەكی تۆپی ناو ئاو؟
-بەڵێ سەد لەسەد دەتوانم هاوكاری باشیان بكەم، ئەگەر تیپێكیش دروست بكەین لەكوردستان دەتوانم بەشدارییان پێبكەم لەپاڵەوانێتی نێودەوڵەتیی وڵاتی ئێران.
*كێن ئەو كەسانەی لەم یارییە زۆر سوودت لێبینیوە؟
-حوسێنی نەسیم لەئێستادا ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە و حوسێن ڕەزایی و سیروس تاهیران باشترین گۆڵچیانی ئاسیا، لەهەڵبژاردەی ئێران چەند ڕاهێنەرێكی ڕووسی، لەخولی ئێرانیش بۆماوەی یەك ساڵ گۆڵچی یانەی ئەسفەهان بوویمە لەیاری تۆپی ناو ئاو، ڕاهێنەری یانەی كۆمپانیای نەوت و زانكۆی ئیمام سادق بوویمە لەوڵاتی ئێران.
*ئامادەی لەكوردستان خزمەت بكەی بۆدروست كردنی ئەو یارییە؟
-بەڵێ ئامادەكاریم تێدایە بۆئەوەی یاری تۆپی ناو ئاو لەكوردستان بنیات بنێین و خزمەتی وەرزشوانانی كوردستان بكەین و دەتوانم بەهێزترین تیپ دروست بكەم لەماوەیەكی كورتدا.
*ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
-بەهیوای ئەوەم گەنجانی كوردستان زۆرتر بەم یارییە ئاشنا بن، چونكە ئەو یارییە یارییەكی جیهانیەو گرنگی زۆری پێدەدرێت و ئەنجامی بەرچاویشی تێدا بەدەستدەهێنرێ.
