جۆكۆڤیج: بردنەوەی نازناوی پاڵەوانیەتیی ئوسترالیای كراوە گەورەترین دەستكەوتی منە
جۆكۆڤیج لە یاری كۆتایی ئوسترالیای كراوەدا توانی لە رافایل نادالی دووەمی جیهان بباتەوە لە یارییەكی ماراسۆنیدا كە 6 كاتژمێری خایاند و ئەوە درێژترین یارییە لە مێژووی پاڵەوانیەتییەكانی گراند سلامدا.
دوای یارییەكە نۆڤاك گوتی بەڕاستی ئەوە بەنرخترین سەركەوتنی منە لە مێژوومدا، وەرزی رابردووش وا سەیری ویمبڵدۆنم دەكرد چونكە هەردەم خەونم پێوە دەبینی، بەڵام بردنەوەی ئەمڕۆ بەنرخ بوو چونكە زۆر قورس بوو و دوای 6 كاتژمێر یاریكردن بەدەست هات.
هەروەها گوتی كاتێك گوێم لێبوو كە ئەمە درێژترین یاری مێژووی پاڵەوانیەتییەكەیە فرمێسكم باراند، دڵخۆش بووم بەوەی بوومە بەشێك لەو مێژووە نەمرە، باوەڕ بە خۆم ناكەم.
لەبارەی نادالەوە جۆكۆ گوتی ئەو یاریزانێكی لێهاتوو و گەورەیە، لە چەند ساڵی پێشوودا چەندین جار دووچاری شكست هاتم بەرامبەری، بەڵام ئەمساڵ جارێكی تر توانیم لێی ببەمەوە و ئەوەش مایەی دڵخۆشییەكی گەورەیە بۆ من.
