یاریزانی هێلی ناوەڕاستی یانەی چێلسی ئینگلیزی خوان مانویل ماتا دووپاتیكردەوە كە هەردوو زەبەلاحەكەی خولی ئیسپانیا ڕیال مەدرید و بەرشلۆنە پاڵێوراوی سەرەكین بۆ بەدەستهێنانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2011/2012، ماتا لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی ماركای ئیسپانی گوتی: ڕیال مەدرید و بەرشلۆنە پاڵێوراوی سەرەكین بۆ نازناوی چامپیۆنز لیگ، هەروەها چەند یانەیەكی گەورە هەن لەوانەیە بەهۆی بەهێزی ئەم دوو یانەیە ماڵئاوایی بكەن، بەڵام یانەی چێلسی شەڕ دەكات بۆ ئەوەی بگاتە یاری كۆتایی ئەم پاڵەوانەتیە.
دەربارەی هاوڕێكەی پێشووی خۆی لەیانەی ڤالانسیا دێڤید ڤیا كە ئێستا تووشی پێكان هاتووە، ماتا گوتی: دێڤید ڤیا زۆر گەشبینە، لەهەفتەی یەكەمی پێكانەكەی بەپەرۆشەوە كاردەكات و پێشبڕكێ لەگەڵ كات دەكات، بەیانیان و ئێواران مەشقی تایبەت دەكات ئەوەش بۆ ئەوەی بەشداری لەیۆرۆی 2012 بكات.