میسی باشترین یاریزان و گواردیۆلا باشترین راهێنەر و نیمار خاوەنی جوانترین گۆڵی 2011 بوون

میسی باشترین یاریزان و گواردیۆلا باشترین راهێنەر و نیمار خاوەنی جوانترین گۆڵی 2011 بوون
دوێنێ یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی ناوی براوەكانی خەڵاتەكانی باشترینی ساڵی 2011ی ئاشكرا كرد و وەك پێشبینی دەكرا میسی بووە باشترین یاریزان و گواردیۆلاش بووە باشترین راهێنەری ئەو ساڵە.
لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی توانی بۆ سێیەم جاری لەسەر یەك نازناوی باشترین یاریزانی جیهان وەربگرێت و بەوەش چووە پاڵ هەریەك لە رۆناڵدۆی بەرازیلی و زینەدین زێدانی فەرەنسی كە تاكە یاریزان بوون تا ئەو كات 3 جار ئەو نازناوەیان بەدەست هێناوە.
یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی هەروەها خەڵاتی باشترین راهێنەری ساڵی بە پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەخشی بەهۆی ئەنجامە باشەكانی لەگەڵ یانەكەی لەو ساڵەدا كە بریتی بوو لە نازناوی خولی ئیسپانی و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و جامی سوپەری ئیسپانی و جامی سوپەری ئەوروپی و مۆندیالی یانەكان.
یەكێتییەكە هەروەها خەڵاتی تایبەتی سەرۆكی یەكێتییەكەی بەخشییە سێر ئەلێكس فێرگسۆنی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەهۆی رۆڵی بەرچاوی لە ماوەی 26 ساڵ كاركردنی لەگەڵ ئەو یانەیە.
هەر لە ئاهەنگەكەی دوێنێدا كە لە شاری زیوریخی سویسرا بەڕێوەچوو، خەڵاتی جوانترین گۆڵی ساڵ بەخشرایە نیماری هێرشبەری بەرازیلی كە خەڵاتەكە پێی دەگوترێ خەڵاتی پوشكاش.
یاریزانانی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە كۆنترۆڵی تیپی نموونەیی ساڵی رابردوویان كرد و خەڵاتی باشترین كچە یاریزانیش درایە هۆماری ساوای ژاپۆنی و خەڵاتی باشترین راهێنەری كچانیش بە هەمان شێوە درایە نۆریۆ ساساكی راهێنەری هەڵبژاردەی ئافرەتانی ژاپۆن.
Top