بەرشەلۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سیلڤا

بەرشەلۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سیلڤا
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیك لە یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرای كردووە یانەكە تیاگۆ سیلڤای بەرگریكەری یانەی میلانی ئیتاڵی كردووەتە ئامانجی سەرەكی خۆی لە هاوینی داهاتوودا.
رۆژنامەكە دەڵێ هاوینی ئەمساڵیش بەرشەلۆنە ویستی گرێبەست لەگەڵ سیلڤادا بكات، بەڵام پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەكە پێی باش بوو ئەو كارە بۆ هاوینی داهاتوو دوابخات و گرێبەست لەگەڵ فابریگاس و سانچێزدا بكات.
بەپێی رۆژنامەكە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە پێیان وایە سیلڤا باشترین هەڵبژاردەیە لە هاوینی داهاتوودا بۆ ئەوەی ریزەكانی بەرگری تیپەكەی پێ بەهێز بكەن و یانەكە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆی بۆ ئەو كارە داناوە.
سیلڤا لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵدا و لە یاری میلان و بەرشەلۆنەدا گۆڵی یەكسان بوونی تیپەكەی بەرامبەر بەرشەلۆنە تۆمار كرد و ئەوە ئەوەندەی تر نرخی ئەو یاریزانەی لای كارگێڕیی یانە ئیسپانییەكە بەرز كردووەتەوە.
Top