1018 خولەكە نوێیەر گۆڵی لێنەكراوە

1018 خولەكە نوێیەر گۆڵی لێنەكراوە
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی كە لە ژێر سەرپەرشتی بۆب هاینكسی راهێنەری بە توانادا ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات و پێشەنگی خولی ئەڵمانیای گرتووە، توانیویەتی بەرگرییەكی بەهێز و پۆڵایین دروست بكات كە ماوەی 12 یارییە هیچ گۆڵێكی لێ نەكراوە.
بایرن میونشن كە مانوێل نوێیەری گۆڵچی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا تۆڕەكەی دەپارێزێت، توانیویەتی لە 7 یاری بۆندسلیگا و 4 یاری خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا گۆڵەكەی بپارێزێت بێئەوەی هیچ گۆڵێكی لێبكرێت و ئەو یارییانەی بایرن میونشن لەو ماوەیەدا ئەنجامی داون بەرامبەر یانەكانی ۆلفسبۆرگ، هامبۆرگ، كایزەر سلاوترن، فرایبۆرگ، شالكە، بایەر لیڤەركوزن و هۆفنهایم بووە و لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش بەرامبەر یانەكانی زیوریخ چوون و هاتنی قۆناخی پاڵاوتنەكان، هەروەها ڤیاریال و مانچستەر ستی لە قۆناخی كۆمەڵەكان بووە.
ئەمە جیا لە یارییەكی جامی ئەڵمانیا بەرامبەر ئینتراخت براونشڤیج.
كۆی ئەو ماوەیەی بایرن میونشن گۆڵی لێنەكراوە 1018 خولەكە.
یەكەم یاری بایرن میونشن لە خولی ئەڵمانیا كە بەرامبەر یانەی برووسیا مونشنگلادباخ بوو، تاكە یاریی وەرزی ئەمساڵە تێیدا گۆڵ لە نوێیەر كرابێت.
Top