حەنان ساڵح یاریزانی بالەی یانەی سیروانی شارەزوور: هیوادارم خانەوادەی كیژان رێگر نەبن لەبەردەم وەرزش كردنی كیژانیان

حەنان ساڵح یاریزانی بالەی یانەی سیروانی شارەزوور: هیوادارم خانەوادەی كیژان رێگر نەبن لەبەردەم وەرزش كردنی كیژانیان
لە دایك بووی ساڵی 1991ی قەزای هەلەبجەی شەهیدە،یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی یاری بالە و خاوەن ئاستێكی بەرزە لە یاری كردندا، لە پاڵەوانێتی خولی شیاندنی یانە پلە یەكەكانی كوردستانی توانی سەرنجی زۆربەی یانەكانی كوردستان و جەماوەری وەرزش دۆست بۆخۆی ڕابكێشێ، ئێمەش ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*ئاستی یاری بالە لای كچان لەكوردستان چۆن دەبینی ؟
-ئاستێكی باشی هەیە ئەم یارییە لە كوردستان بە تایبەتی لە ناوچەكەی ئێمە گرنگی زۆری پێ دەدرێت .بە تایبەت یانەكەمان زۆر گرنگی بەم یارییە دەدات.
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆبەرەوەپێشچوونی ئەم یارییە؟
-بەهیواین یانەكانی كوردستان زیاتر گرنگی بە یاری بالەی كچان بدەن هەوڵ بدەن یاریزانی زۆرتربهێنە نێو ئەم یارییە وهۆلی تایبەت دروست بكرێت بەم یارییە.
*كێشەو گرفتان چییە لەم یارییەدا؟
-كێشەو گرفتەكانمان نەبوونی هۆلێكی داخراوە،ئێمە لەسەر یاریگای تارتان مەشق دەكەین لەبەر تیشكی خۆر ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستمان.
*داواكاریت چییە لەلایەنی بەرپرس ؟
- بەهیوام بتوانن هۆلێكمان بۆبكەنەوە چونكە زۆر پێویستیمان پێیەتی
*ساڵانە كردنەوەی یەك پاڵەوانەتی بۆئێوەی كچان كەم نییە ؟
-زۆر كەمە ئێمە یەك ساڵ بۆیەك خولی چەند رۆژی خۆمان ئامادە دەكەین ئەوەش زۆر كەمە هیوادارم خولەكانی ماوەی درێژتر بێت .
*راگەیاندنەكان وەكو پێویست گرنگیان بە ئێوە داوە؟
-بۆئێمەی كچان نەخێر،راگەیاندن لە ئاستی كچان وەكو پێویست نییە
*هیواو ئاواتت وەكو یاریزانێك ؟
-بتوانم ئاستێكی بەرز لەم یارییە پێشكەش بكەم وسەری یانەكەم بەرزكەمەوە.
*دەستەی كارگێری یانەكەتان چۆن هاوكاریتان دەكەن ؟
-سوپاسیان دەكەم هاوكاری باشمان دەكەن.
*پەیامت چییە بۆئەو خێزانانەی كە رێگری لە كچەكانیان دەكەن لەوەرزش كردنیان ؟
-هیوادارم خانەوادەكان رێگری لە كچانەكانیان نەكەن بەڵكو هاوكاریان بكەن وەكوخۆشم،سوپاسی دایك و باوكم دەكەم
*چی بەو كچان دەڵێی كە وەرزش ناكەن ؟
-هیوادریشم ئەوانەی دوورن لە وەرزش بەزووترین كات روو لە وەرزش بكەن.
*چیت ماوە لە كۆتایدابۆگۆڤاری گوڵان؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم .بەهیوام گۆڤاری گوڵان بەردەوام بێت لەبەسەر كردنەوەی كچە وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان.
Top