ئینستەگرام گۆڕانکاریێکى گەورە لە بەشى (چیڕۆکەکان) ئەنجام دەدات
نوێکارییەکەى ئەمجار ٣ تایبەتمەندى ناوازەى بۆ (چیڕۆکەکان) زیادکردووە، ئەوانیش بریتین لە تایبەتمەندییەکانى: (زیادکردنى بەستەر -لینک- ، ئاماژەکردن بە هەژمارى کەسێکى تر -تاگ- ، ڤیدیۆ لەجۆرى -بۆمیرەنگ-)، لەخوارەوەدا ئاماژە بە تایبەتمەندییەکان دەکەین.
•دانانى بەستەر (لینک) بۆناو چیڕۆکەکان:
بەهۆى ئەم تایبەتمەندییەوە بەکاربەر بوارى پێدەردرێت تاوەکو هەر بەستەرێک کە بیەوێت لەناو چیڕۆکەکانى دابنێت، واتە بەکاربەر کاتێک هەر بەستەرێک دابنێت ئەوا بینەرى چیڕۆکەکە دەتوانێت تەنها بە کرتە کردن لەسەرى دەستبەجێ بچێتە نێو بەستەرەکەوە، لەکاتى زیادکردنى هەر بەستەرێک لەخوارەوەى چیڕۆکەکە هەڵبژاردەى (See More) بەردەست دەبێت بۆ بینەرەکە و دەتوانێت بە کرتە کردن لەسەرى بچێتە نێو بەستەرەکەوە ئەمیش لەڕێگەى وێبگەڕۆچکەیەکى تایبەتیەوە لەناو خودى ئەپەکەدا و بێ دەرچوون تێیدا.ئاماژەکردن بە هەژمارى کەسێکى تر (تاگ):
تایبەتمەندى دووەم بریتیە لە ئاماژەکردن بە هەژمارێکى تر (تاگ)، بەکاربەر دەتوانێت تەنها بەنووسینى نیشانەى @ دواتر ناوى بەکارهێنەرى ئەو کەسەى کە دەیەوێت ئاماژەى پێبکات واتە (تاگ)ى بکات بنووسێت، دەتوانین بڵێین هاوشێوەى ئەم تاگکردنەیە کەوا لەپێشووتردا هەبوو لە (کۆمێنت) و (وێنەکان)دا و بەهەمان شێوەى ئەوان کاردەکات.
•ڤیدیۆى ١ چرکەیی هەڵگەڕاوە (بۆمیرەنگ):
ئەم تایبەتمەندییە بریتیە لەتۆمارکردنى ڤیدیۆیەکى ١ چرکەیی هەڵگەڕاوە، واتە بەکاربەر دەتوانێت ڤیدیۆ بۆماوى ١ چرکە بگرێت و دواتر ئەم چرکەیە بەشێوەى هەڵگەڕاوە بڵاودەبێتەوە. چۆنیەتى کارکردنى ئەم تایبەتمەندییە ئاسانە، کاتێک دەچیتە سەر زیادکرنى چیڕۆکێک تەنها بە گۆڕینى شاشەکە لە چەپەوە بۆ ڕاست دەتوانیت لە شێوە (نۆرماڵ)ەوە بیگۆڕیت بۆ شێوەى (بۆمیرەنگ).، بێگومان ئەم تایبەتمەندییە ماوەیەکى زۆرە بۆ ئینستەگرام زیادکراوە بەڵام بەشێوەى ئەپڵیکەیشن و بەکاربەر دەتوانێت بەهۆى ئەپەکەوە ڤیدیۆکە تۆماربکات و لە ئینستەگرامى ئاسایی بڵاوى بکاتەوە، بەڵام ئەمەیان جیاوازە بەهۆى ئەوەى تایبەتە بەبەشى (چیڕۆکەکان) و پێویستى بەهیچ ئەپێکى دەرەکى نییە!
لە ئێستادا ئەم نوێکردنەوەیە بۆ ئەپى (ئینستەگرام) بەردەستەو بەکاربەران دەتوانن لە کۆگاى تایبەتى ئامێرەکانیان نوێیبکەنەوە.
سەرچاوە www.kitn.net
