کڵاود چییە؟
سەردەمی کڵاود کەی دەستی پێکرد؟
نزیکەی سی ساڵ پێش ئێستا سەردەمی کۆمپیوتەرەکان دەستی پێکرد و کۆمپیوتەر بووە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.
پاشان سەردەمی ئینتەرنێت هاتە پێشەوە و کۆمپیوتەرەکان بوونە بەشێک لە تۆڕێکی فراوانی جیهانی. ئێستا کۆمپانیا و دامەزراوەکان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بوونەتە خاوەنی پێگەو ماڵپەڕی خۆیان و کارەکانیان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە جێبەجێ دەکەن.
بۆئەوەی دامەزراوە و کۆمپانیاکان بتوانن لەم سەردەمەی ئینتەرنێتدا لەگەڵ کڕیار و بەکارهێنەرەکانیان لە شوێنەجیاوازەکاندا پەیوەندییان هەبێت و خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن، پێویستیان بە ژێرخانی ئەلیکترۆنی بەهێز هەیە وەکو سێرڤەری بەهێز، ڕاوتەر، ستۆرج، بەرنامەو سیستمی کارپێکردن، ئەمەش سەرەڕای کارمەند و ستافی شارەزا بۆ چاودێریکردن و ڕێکخستنی هاردوێر و سیستمەکان.
سەردەمی کڵاود لێرەوە سەری هەڵدا بۆئەوەی کە تێچووی ژێرخانی ئەلیکترۆنی لەسەر بزنسە بچووک و مامناوەندەکان کەم بکاتەوە.
هەموومان مۆدێلێکی هاوشێوەی کڵاود لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاردەهێنین کە بریتییە لە کارەبا. پێویست ناکات هەموو کەسێک لە ماڵەکەیدا مۆلیدیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا هەبێت. بەڵکو تەنها لە ڕێگەی سویچ پلاکێکەوە دەتوانیت کارەبای پێویستی خۆت دەست بکەوێت.
لە کڵاودیشدا لایەنێکی دیاریکراو هەڵدەستێت بە دابینکردنی پێداویستی و ژێرخانی ئەلیکترۆنی. بۆ ئەم مەبەستەش سەرمایەیەکی زۆر سەرف دەکات و کەسی بەتوانا بۆ بەڕێوەبردنیان دادەمەزرێنێت.
لە بەرامبەردا بزنسەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە و بە پێدانی کرێیەکی دیاریکراو سوود لەو خزمەتگوزارییانە وەربگرن.
تێگەیشتنێکی هەڵەش هەیە کە وادەزانرێت کڵاود تەنها بۆ خەزن کردنی زانیارییەکانە وەکو لە ئایکڵاود و گوگڵ درایڤ یان لە وەن درایڤدا. بەڵام وەکو ئاماژەمان پێدا کڵاود تەنها ستۆرج یان خەزنکردن نییە. بەڵکو کڵاود تەواوی ژینگەی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی ژێرخانێکی ئەلیکترۆنی لەخۆدەگرێت وەکو پرۆسێسینگ، ستۆرج، سێرڤس، باندویس. ئەمانە هەموویان بە پێی پێویستی و ویستی بەشداربووی خزمەتگوزارییەکە بەکاردەهێنرێن.
بۆچی کڵاود؟
سیان لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی کڵاود بریتین لە کەم کردنەوەی خەرجییەکان، بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکە لە هەموو شوێنێک، لەگەڵ توانای فراوانتربونی خێرای بزنسەکان.
خەرجییەکان کەم دەبنەوە چونکە تێچووی هاردوێر و سیستمەکان و کرێی ستافی چاودێریت لەکۆڵ دەبێتەوە. لە کڵاوددا تەنها بە پێی پێویست و بەکارهێنانی خۆت پارە دەدەیت.
لە هەرشوێنێک ئینتەرنێت هەبێت خزمەتگوزاری کڵاود لەوێ بەردەستە. بەشداربووان دەتوانن بەئاسانی و بەیەکەوە لە ژینگەیەکی پارێزراودا کارەکانیان جێبەجێبکەن بەجۆرێک کە سیستمی باکەپ و پاشەکەوتکردنی زانیارییەکان ئامادەیە بۆ پاراستنی زانیارییەکان لە ئەگەری لەناوچوونیان لە هەر ڕووداوێکی سروشتی کارەساتباردا.
توانای فراوانبوونی خێرا لە کڵاوددا ڕێگەدەدات بزنسەکان بە ئاسانی لەگەڵ زۆربوونی خواست لەسەر بەرهەمەکانیان بگونجێن و لەکاتی کەمی خواستیشدا دەستبەرداری سەرچاوە زیادەکان بن.
www.avestagroup.net
سەرچاوە :ئاڤێستاگروپ
