فلاش میمۆرییەك بە كۆد قفڵ دەدرێت
بێگومان لەو تەكنەلۆژییانەی كە ئەركیان هەڵگرتن و راگواستنی داتا دیجیتالییەكانە، فلاش میمۆری بەهۆی قەبارەی بچووكی و هەڵگرتن و راگواستنی داتایەكی زۆر لە ریزی یەكەمدا دێت. رەنگە داهاتووی ئامێری خەزنكردن و هەڵگرتنیش داتاكانیش هەر فلاش میمۆری دەستنیشانی بكات، بەهۆی ئەوەی كە فلاش میمۆرییەكان قەوارەیان بچووكە رەنگە ونبوونیشیان ئاسانتر بێت لە ئامێرێكی وەك هاردی پورتێبڵ، گەر ون بێت یان بدزرێت ئەوە زۆر بە سانایی داتاكانی ناوەوەی جا وێنە یان فیلم یان دۆكیۆمێنتێكی زۆر گرنگ بێت دەكەوێتە دەست ئەوانەی دەیدزن یا دەیبیننەوە.
بەم دواییە فلاش میمۆرییەك بەرهەم هاتووە كە دەكرێت بەهۆی ئەو دوگمانەی لەسەرییەتی كۆدی لەسەر دابندرێت، فلاش میمۆرییەكە لە ئاست تۆز و خۆڵ و ئاودا خۆراگرە و تەنانەت بوارە ئەمنییەتییەكەی لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریكاشەوە پەسەند كراوە.
بۆ كردنەوەی فلاش میمۆرییەكە پێویستە كۆدێكی 7 هەتا 15 ژمارەیی لێبدەی. ئەگەر كۆدەكەت لەبیر بچێتەوە دەتوانی Reset بكەیەوە، بەڵام لەبیرت بێت بەم كارە گشت داتاكانی ناوەوەی دەسڕێنەوە، ئەگەر كۆدەكەش 10 جار بە هەڵە لێبدەی دیسان هەر ئەمە روو دەدات.
