ئۆتۆمبێلەكە لەبەر پەنجەرە پارك بكە
كێشەی زۆربوونی ئۆتۆمبێل وانەبێت هەر هەولێر و هەرێمی كوردستانی گرتبێتەوە، بگرە زۆربەی شارە گەورەكانی جیهان لەگەڵ ئەم كێشەیە بەرەو روون، كێشەیەك هەروا بەرەو هەڵكشان دەچێت و پێناچێت چارەسەرێكی جیددی بۆ بدۆزرێتەوە. لە زۆربوونی ئۆتۆمبێلدا ئەوە هەر ژینگە نییە كە ئاڵوودە دەبێت، بگرە شوێنێكیش نامێنێت بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل. هەربۆیە هەوڵێكی جیددی لە ئارادایە كە ئۆتۆمبێلەكان بچووكتر بكەنەوە، بە جۆرێك كە لە هەموو شوێنێكدا جێگایان بێتەوە. “رۆمن میستیوك” كە دیزاینەرێكی ئۆتۆمبێلە لەم دواییەدا دیزاینی ئۆتۆمبێلێكی پژۆی هێناوەتە بواری جێبەجێكردنەوە كە لەگەڵ ئۆتۆمبیلەكانی دیكە جیاوازی زۆرە، چونكە ئۆتۆمبێلەكە وەك جاڵجاڵوكە بە حەوا هەڵدەچێت و خۆی لە بن پەنجەرەی ماڵەوە پارك دەكات، پاش ئەوەی كە ئۆتۆمبێلەكە بە دیوار هەڵچوو، كورسییەكانی گۆڕانیان بەسەرداهێت و بە جۆرێك رێك دەخرێن كە بتوانرێت لە ناو ئۆتۆمبێلەكە بەرەو ژوورەوە بڕۆی.
كە سەیری ئۆتۆمبیلەكە دەكەی دەبینی هەمووی لە پەنجەرە دروست كراوە، هەروەها دوو تایەی ئۆتۆمبێلەكە دیارن، ئۆتۆمبێلەكە تەواو كارەباییە و بەهۆی كارەباوە شەحن دەبێتەوە. رەنگە (پژۆ مترۆمۆرف( لە داهاتوودا گۆڕانكارییەكی جیددی بەسەر جیهانی ئۆتۆمبێل دابهێنێ بەتایبەتی لە بواری پارك كردندا.
