ئایا سه‌رده‌می ئه‌وه هاتووه كه كتێبی كاغه‌ز لابدرێت؟
هیچ شتێك وه‌ك ته‌كنه‌لۆژیای نوێ سیسته‌می خوێندن و خوێندنه‌وه‌ی نه‌گۆڕی، كتێبی دیجیتالی كه هه‌م هه‌ڵگرتنه‌كه‌ی ئاسانه و هه‌م خوێندنه‌وه‌ی له هه‌موو شوێنێك ده‌گونجێت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا گرنگی زۆری پێدراوه، هه‌رچه‌نده هه‌تا ئێستاش به‌م شێوه‌یه‌ی پێویسته له‌لای ئێمه و له زۆر وڵاتی جیهان پێشوازی ئه‌وتۆی لێنه‌كراوه‌و هێشتاش ئه‌وانه‌ی ئه‌هلی خوێندنه‌وه‌ن حه‌ز ده‌كه‌ن كتێبی سه‌ر كاغه‌ز بخوێننه‌وه.
هه‌رچه‌نده تایبه‌تمه‌ندی لایه‌نی ئه‌رێنی كتێبخانه‌ی دیجیتالی ئه‌وه‌نده به‌رچاون كه حاشا هه‌ڵنه‌گرن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌زاران كتێب ته‌نیا لهپهنجهكانت جێگای ده‌بێته‌وه، هه‌ڵگرتنی ئاسانه، نه تۆز و خۆڵ ده‌یگرێت و نه ده‌دڕێت و ته‌ڕ ده‌بێت، گۆڕینی فۆنتی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه به ویستی خوێنه‌ره...تاد. له‌م دواییه‌دا كۆمپانیای سۆنی كتێبخانه‌یه‌كی دیجیتالی به‌رهه‌م هێنا، كه هه‌ندێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی e-readerهكه ئه‌وانه‌ن، شاشه‌كه‌ی 13.3 ئینجه كه به‌به‌راورد به مۆدێله‌كانی پێش خۆی كه شاشه‌كه‌یان ته‌نیا شه‌ش ئینج بوو گه‌وره‌تره و ئاسانتر ده‌كرێت سوودی لێوه‌ربگیردرێت، شاشه‌كه‌ی پته‌و و به به‌ركه‌وتن و كه‌وتنه خواره‌وه ناشكێت. كێشی كتێبخانه‌كه كه‌مه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی به‌رچاوی كتێبخانه دیجیتالییه‌كه ئه‌وه‌یه كه تا سێ هه‌فته به‌بێ كاره‌با كاری پێده‌كرێت ، هه‌روه‌ها بۆ وه‌گرتنی كتێب راسته‌وخۆ به ئینته‌رنێت په‌یوه‌ند ده‌درێت، هه‌رچه‌نده هاردی كتێبخانه‌كه كه‌مه و چوار گیگابایته، به‌ڵام ده‌كرێت میمۆری بۆ دابندرێت و هه‌زاران كتێبی تێبخرێت.
