كافائین هۆكار و چارەسەرە بۆ سەرئێشە

كافائین هۆكار و چارەسەرە بۆ سەرئێشە
ئەو شلەمەنییانەی كافائین لەخۆدەگرن، بریتین لە چای، قاوە، كاكاو، كۆلا. سەرئێشەی كافائین Caffeine Headaches زیاتر لە پشتەوەی چاوەكان هەستی پێدەكرێت، لەوانەیە سووك، یان توند بێت. ئەگەرچی بڕی زیادی كافائین سەرئێشە پەیدادەكات، بەڵام زیاتر لە ئەنجامی دووركەوتنەوە لە كافائین پەیدادەبێت. دووركەوتنەوە لە شلەمەنییە كافائینییەكان لە كەسانی راهاتوو لەسەر كافائیندا (كە رۆژانە بەلای كەم 500 ملگم كافائین دەخۆن بۆ ماوەی دوو هەفتە، یان زیاتر) دەبێتە هۆی سەرئێشە و هەستكردن بە بێهێزی و كەمیی وزە، بە خواردنی بڕێكی دیاركراو لە چای، یان قاوە سەرئێشەكە هاوكات لەگەڵ حەسانەوە و خەوی دروست سووك دەبێت، لەگەڵ مەساجی سەر و مل، زیاد خواردنەوەی ئاو، بەكارهێنانی دەرمانی دژەئازار. لە لایەكی دیكەوە، بڕی زیادی كافائین جا لە رێگای شلەمەنییەكانی وەكو قاوە و چای، یان كاكاو بێت، یانیش لە رێگای بەكارهێنانی ژەمی زیادی ئەو دەرمانانەی كە كافائین و ماددەی دژەئازار لەخۆدەگرن، هۆكارە بۆ پەیدابوونی سەرئێشە، ئەم سەرئێشەیە بە خواردنەوەی چای نەعناع Pepperminttea، مەساج، زیاد خواردنەوەی ئاو، دەرمانی دژەئازاری بێ كافائین سووك دەبێت. هەروەها كافائین سوودی هەیە بۆ سووككردنی سەرئێشە و شەقەسەر، بۆنموونە بەكارهێنانی 130 ملگم كافائین لەگەڵ دەرمانێكی ئازارشكێنی وەكو پاراسیتۆڵ توندیی سەرئێشە تا 40% كەم دەكاتەوە.
Top