ئەلكهول هۆكارە بۆ 7 جۆری شیرپەنجە

ئەلكهول هۆكارە بۆ 7 جۆری شیرپەنجە
لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە خواردنەوەی ئەلكهول هۆكاری راستەوخۆیە بۆ تووشبوون بە 7 جۆری شێرپەنجە لەمانە: شێرپەنجەی دەم، شێرپەنجەی قوڕگ، شێرپەنجەی سوورێنچك، شێرپەنجەی جگەر، شێرپەنجەی كۆڵۆن، شێرپەنجەی رێكە، شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەتدا. لە لەشدا، ئەلكهول (ئیتانۆل Ethanol) دەگۆڕێ بۆ ماددەیەكی زیانبەخش بە ناوی ئەسیتەلدیهاید Acetaldehyde و چەند ماددەیەكی ئۆكسجینی تر كە هۆكارن بۆ تێكدانی ترشی DNA، ئەمەش توانای خانە بۆ نوێبوونەوە رادەگرێت. خودی ئەلكهول و ماددەی ئەسیتەلدیهاید ئەگەری تووشبوون بە چەند جۆرێكی شێرپەنجە زیاد دەكەن. ئەسیتەلدیهاید هانی گەشەی خانەكانی جگەر دەدات خێراتر لە گەشەی ئاسایی، ئەمەش زۆر جار گۆڕان بەسەر جینەكانی ئەم خانانەدا دەهێنێت و لەوانەیە كە ببێتە هۆی شێرپەنجە، لەلایەكی تریشەوە ئەلكهول دەبێتە هۆی مۆمبوونی جگەر Cirrhosis كە ئەویش هاندەرە بۆ شێرپەنجە. ئیتانۆل بە شێوەیەكی سەرەكی لە جگەردا تێكدەشكێت بۆ ئەستەلدیهاید، بەڵام هەندێك خانەی تریش لە بەشی جیاوازی لەشدا بەم كارە هەڵدەستن، بۆ نموونە لەخانەكانی ناو دەم و لەسەر ناوپۆشی ریخۆڵەدا بە بوونی هەندێك جۆری بەكتریا. هەروەها ئەلكهول هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی چەند هۆرمۆنێكی وەكو ئیسترۆجین Estrogen. هۆرمۆنەكان وەكو نامەبەر كاردەكەن، زانیاری بۆ خانەكان دەگوازنەوە كە دابەشبوونی خانەش دەگرێتەوە، بۆیە بەگشتی ئاستی زۆر بەرزی ئیسترۆجین ریسكی شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات. ئەمەش روونكراوەتەوە كە جگەرە و ئەلكهول بەیەكەوە ئەگەری شێرپەنجە هێشتا زیاتر دەكات لە یەكێكیان بە تەنیا، بۆ نموونە ئەلكهول هەڵمژینی ماددە زیانبەخشەكانی ناو دوكەڵی جگەرە لەلایەن خانەكانی دەم و قوڕگدا ئاسانتر دەكات.
Top