ئەمە سەلمێنراوە كە قەڵەوی هۆكارە بۆ گەلێك نەخۆشی، بەڵام یەكێك لە مەسەلە گەورەكان تەندروستیی دڵە. ئەمە روونە كە قەڵەوی دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ و دابەزینی ئاستی كۆلیستیرۆلی باش، هەروەها پەیدابوونی بەرگری خانەكانی لەش بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین Insulin resistance. بە تێپەڕبوونی كات، بەرگری بەرانبەر بە ئینسولین دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن كە دەچێتە قۆناغی پێش شەكرە Prediabetes و پاشان تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە. ئەمە ئاشكرایە كە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل، هەروەها نەخۆشی شەكرە، هەموویان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زیاد دەكەن. لەگەڵ قەڵەویدا ئەم ئەگەرە زیاتر دەبێت، هەتا ئەم فاكتەرە هاندەرانەش زیاتر بەیەكەو بن هێندە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و پەكەوتنی دڵ و جەڵتەی مێشك زیاتر دەبێت. هەتا بەبێ بوونی فاكتەرە هاندەرەكان بۆ نەخۆشی دڵ وەكو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و كۆلیستیرۆل و نەخۆشی شەكرە، هێشتا قەڵەوی بارگرانی زۆر دەخاتە سەر تەندروستیی دڵ، بۆنموونە ئەگەری تووشبوون بە پەككەوتنی دڵ لە كەسانی زۆر قەڵەودا 4 هێندە زیاترە لە كەسانی ئاسایی.