جۆرەكانی كەمخوێنی
• كەمخوێنی لەبەر ونكردنی خوێن یان خوێنبەربوون وەكو: كولبوون لە كۆئەندامی هەرسدا، هەوكردنی گەدە، مایەسیری، شێرپەنجە، برینداربوون، نەشتەرگەری، زیانی لابەلای دەرمانی وەكو ئەسپرین و دەرمانەكانی رۆماتیزم و ئازار و هەوكردنی جومگە، لە ئافرەتدا سووڕی مانگانە و منداڵبوون.
• كەمخوێنی لەبەر كەمبوونەوەی دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن یان نادروستی لەدروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێنیان بوونی خڕۆكەی سووری نائاسایی، بۆ نموونە: كەمخوێنی خانەی داسوكەیی Sickle cell anemia واتە شێوەی خڕۆكە سوورەكان وەكو داسوكە دەبێت، كەمخوێنی لەبەر كەمیی ئاسن یان كەمیی ڤیتامین، گرفت لە مۆخی ئێسكدا، شێرپەنجەی خوێن، گرفتی تەندروستیی تر.
• كەمخوێنی لەبەر تێكشكانی خڕۆكە سوورەكان. تەمەنی خڕۆكە سوورەكان لەناو خوێندا 120 رۆژە، بەڵام لەوانەیە كە زووتر تێكبشكین، كەمخوێنی لەبەر شیبوونەوەی خوێن Hemolytic anemia یەكێكە لەم حاڵەتانە كە سستمی بەرگری لەش بە هەڵە خڕۆكە سوورەكان دەناسێتەوە و بە تەنی بیانی هەژماریان دەكات، بۆیە پەلاماریان دەدات و تێكدەشكێن یان شیدەبنەوە. گەلێك نەخۆشی تر دەبنە ئەگەری شیبوونەوەی خوێن و كەمخوێنی.
