كورتەیەك سەبارەت بە چاندنی قژ

كورتەیەك سەبارەت بە چاندنی قژ
چاندنی قژ Hair transplantation بریتییە لە گواستنەوی قژ بە رەگەوە لە پشتەوەی سەر بۆ ئەو شوێنەی كە دوچاری رووتانەوە بووە. چاندنی قژ لە زۆربەی حاڵەتەكاندا لەژێر بەنجی خۆجێیدا ئەنجام دەدرێت. پاش نەشتەرگەری چاندنی قژ هەست بە ئازار دەكەیت لە پێستی سەردا، بۆیە پێویستە كە درەمانی دژەئازار بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەكاربێنیت، هەروەها بەكارهێنانی دەرمانی دژی هەوكردن و دەرمانی دژەژی بۆ رێگرتن لە هەوكردن بە میكرۆب. زۆربەی ئەو كەسانەی كە نەشتەرگەری چاندنی قژیان بۆ دەكرێت، دەتوانن پاش 5 رۆژ بگەرێنەوە سەر كار و پیشەی خۆیان. پاش چاندنی قژ بە 2-3 هەفتە، ئەم قژە هەڵدەوەرێت ئینجا لە ماوەی چەند مانگێكدا قژی نوێ دەست بە گەشەكردن دەكات. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، 60% ی گەشەی قژی نوێ پاش 6-9 مانگ بە باشی جێگیر دەبێت. پاش نەشتەرگەری چاندنی قژ لەوانەیە كە چەند ئاڵۆزییەك رووبدەن وەكو: خوێنبەربوون، هەوكردن، پەیدابوونی ئاسەوار Scar لە شوێنی چاندنی قژدا، گەلێك جار لەگەڵ دەستپێكی گەشەكردنی قژی چێنراو هەوكردنی رەگی مووەكان Folliculitis روودەدات كە پێویست بە دەرمانی دژەژی و كەمادە دەكات، هەڵوەرینی كتوپڕی قژی چێنراو Shock loss كە خۆشبەختانە كاتییە و بە دەگمەن دەبێتە هەمیشەیی. بۆ گەرەنتیدان بە سەركەوتنی نەشتەرگەریی چاندنی قژ و كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان، پێویستە كە ئەو كەسەی نیازی نەشتەرگەری هەیە خاوەن تەندروستییەكی باش بێت پاش پشكنینە گشتییەكان لە لایەن دكتۆر.
Top