گواستنەوەی دڵ گەیشتە كوێ؟

گواستنەوەی دڵ گەیشتە كوێ؟
تەكنیكەكانی نەشتەرگەری گواستنەوەی دڵ Heart transplantation بوونەتە پڕۆسیسێكی سەركەوتووانە بە رێژەی پتر لە 80% و گەلێك لەو نەخۆشانەی كە دڵیان بۆ گواستراوەتەوە خاوەن تەندروستییەكی باشن. بۆ نموونە پڕۆفیسۆر مەجدی یەعقوب و تیمەكەی لە نەخۆشخانەی هارفیلد لە ڕۆژئاوای لەندەندا نزیكەی 300 كرداری دڵ گواستنەوەیان ئەنجام داوە ئەمە جگە لە 50 حاڵەتی گواستنەوەی دڵ و سییەكان بەیەكەوە. گواستنەوەی دڵ گونجاوە بۆ ئەو نەخۆشانەی كە لە قۆناغی كۆتایی لەكاركەوتنی دڵدان كە هۆیەكەی دەگەڕیتەوە بۆ نەخۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ 52%، نەخۆشی ماسوڵكەی دڵ 38%، كەموكوڕی لە زمانەكانی دڵدا 6%، نەخۆشییە زگماكیەكانی دڵ 4%. سروشتی لەشی هەموومان وایە كە هەر تەنێك یان ئەندامێكی بێگانە بەتوندی ڕەت دەكاتەوە، دڵێكی بێگانەش كە دەگوازرێتەوە بۆ ناو سینگی نەخۆشێك ئەوا لەشی نەخۆشەكە ڕەتكردنەوەیەكی توند بەرانبەر بەم دڵە دەنوێنێ، بەڵام دەرمانی سایكلۆسپۆرین Cyclosporin كە لە ساڵی 1982 دۆزرایەوە تا ڕادەیەكی باش ڕەتكردنەوەی ئەندامی بیانی كەم دەكاتەوە، نەخۆش پێش نەشتەرگەرییەكە ئەم دەرمانە وەردەگرێت و دوای گواستنەوەی دڵیش لەسەر بەكارهێنانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ دەرمانی ئازۆتایۆپرین Azothioprin هەر بە مەبەستی دامركاندنی بەرگری لەش كە خۆی لە ڕەت كردنەوەی ئەندامی بیانیدا دەنوێنێت. ئێستا ڕێژەی ڕەتكردنەوەی دڵ بە ڕێژەیەكی زۆر دابەزیوە پاش بەكارهێنانی ئەم دەرمانانە، توێژینەوە بۆ بەرەو پێشبردنی كرداری دامركاندنەوەی بەرگری لەش (نەهێشتنی ڕەتكردنەوە) و تەكنیكی نوێ بۆ زووتر دەستنیشانكردنی كرداری ڕەتكردنەوە دوو خاڵی زۆر گرنگن لە زیاتر بەرەوپێش بردن و سەركەوتنی كرداری گواستنەوەی دڵدا. بەكارهێنانی دەرمانی سایكلۆسپۆرین بە بڕێكی زۆر دەبێتە ئەگەری ئاوسانی پووكەكان، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، ژاراوی كردنی جگەر و گورچیلەكان. دامركاندنەوەی بەرگری لەشیش مرۆڤ زیاتر ڕووبەڕووی هەوكردنەكان دەكاتەوە بە بەكتریا، ڤایرۆس، هەروەها مشەخۆر و كەڕووەكان. لەوانەیە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دڵ پێش ئەوەی بگوازرێتەوە مامەڵەیەكی وای لەگەڵدا بكرێت كە كرداری ڕەتكردنەوە لە لەشی نەخۆشدا بە هیچ جۆرێك ڕوو نەدات.
Top