گواستنەوەی پەنكریاس دەبێتە چارەسەرێكی بنەڕەتیی بۆ نەخۆشی شەكرەی جۆری یەكەم Type I واتە جۆری پشت بەستوو بە ئینسولین IDD. گرفتی سەرەكی گواستنەوەی پەنكریاس وەكو گواستنەوەی ئەندامەكانی دیكە بریتییە لە رەتكردنەوەی لەش بۆ هەر ئەندامێكی بیانی بە رێگای ئاكتیڤبوونی سستمی بەرگری لەش، ئەمەش دەبێتە هۆی تێكشكاندنی هەر ئەندامێكی بیانی. ئەم گرفتە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆتە ئاستەنگی سەرەكی لەبەردەم گواستنەوەی پەنكریاس و ئەندامەكانی تردا. ئەگەرچی دەتوانرێت كە تا رادەیەكی زۆر ئەم رەتكردنەوەیە بە دەرمان كپ بكرێت، بەڵام بەكارهێنانی دەرمانی دژی رەتكردنەوە یان كپكردنی سیستمی بەرگری لەش زیانی لابەلای زۆری هەیە، بۆیە ئێستا پسپۆڕان بیر لە گواستنەوەی تەنیا خانە بەرهەمهێنەرەكانی ئینسولین Islet cells transplantation دەكەنەوە لەجیاتی گواستنەوەی تەواوی پەنكریاس. گواستنەوەی پەنكریاس نەشتەرگەرییەكی گەورەیە و پێویستە كە نەخۆش خۆی ناونووس بكات لە لیستی چاوەڕێكرن تاكو گواستنەوەی پەنكریاس فەراهەم دەبێت كە لەگەڵ شانەكانی ئەو كەسەدا بگونجێت، ئەمەش لەوانەیە كە چەندین ساڵ درێژە بكێشێت، هەروەها ئەگەری چەند ئاڵۆزییەكی لێدەكرێت وەكو هەوكردن، گرفت لە كۆئەندامی میزەڕۆدا، هەروەها لەكاركەوتنی پەنكریاسی گوازراوە، ئەمە جگە لە زیانە لابەلاكانی بەكارهێنانی دەرمانی دژی رەتكردنەوە وەكو: پووكانەوەی ئێسك، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیسترۆل لە خوێندا، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. كەچی گواستنەوەی خانەی بەرهەمهێنەری ئینسولین ئاسنترە و زیاتر بەردەستە و ئەنجامی باشتری دەبێت و ئاڵۆزیی كەمتری هەیە.