تا بە خۆراكێك بگووترێ ئۆرگانیك Organic food پێویستە كە بكەوێتە ژێر چەندین ستانداردی پەیوەست بە بەرهەمهێنانەوە. تا پێش سەدەی بیستەم هەموو بەرهەمە كشتوكاڵییەكان ئۆرگانیك بوون، بەڵام پاشان بەكارهێنانی چەندین ماددەی كیمیایی و بكوژەكانی مێروو و پەینی كیمیایی بە مەبەستی زیادكردنی بەرهەم و مەبەستی تر خرانە ناو بواری كشتوكاڵەوە. ئەو خۆراكانە نابنە ئۆرگانیك ئەگەر: بە بەكارهێنانی پەین و ماددە بكوژەكانی مێروو و مادەەی بكوژی گیاییە زیانبەخشەكان لە كشتوكاڵدا بەرهەم بهێنرێن، هەروەها بەكارهێنانی هۆرمۆنی گەشە و ماددە دژەژییەكان بۆ چێل و ئاژەڵە شیردەرەكانی تر بە مەبەستی زیادكردنی بەرهەمی شیر و زیادبوونی كێش، ئەو خۆراكانەی كە بە مامەڵەی جینی بەرهەم دەهێنرێن، هەروەها بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای نانۆ Nanotechnology بۆ خۆراك و كشتوكاڵ. باشییەكانی خۆراكی ئۆرگانیك دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە: رێژەیەكی بەرز لە ڤیتامین و ماددە دژەئۆكسانەكان و چەورییە ناتێرەكان و ئۆمیگا 3 لەخۆدەگرن، رێژەی كەم لە ماددە خراپەكان لەخۆدەگرن وەكو كانزا قورسەكان و پاشماوەی ماددە بكوژەكانی مێروو. خۆراكی ئۆرگانیك لە چەندین سیفەتی تر جیاوازی لەگەڵ خۆراكی نائۆرگانیكدا هەیە، بۆ نموونە لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە سێوی ئۆرگانیك لە چێژدا شیرینترە، توندی و پتەوی باشترە، بەڵام نرخی خۆراكی ئۆرگانیك بەگشتی بە رێژەی 10-40% لە خۆراكی ئاسایی گرانترە.