كە دەرزی ئینسولین Insulin shot لێدەدەیت، پێویستە كە نیدل یان سەرەدەرزی بگاتە شانە چەورەكان كە راستەوخۆ كەوتوونەتە ژێر پێست. ئەگەر گومانت هەبێت لەوەی كە دەرزییەكە بگاتە ماسوولكە، ئەوا پێویستە كە نیدلی كورتتر بەكاربێنیت تاكو هەرگیز لە چینی چەوری ژێر پێست رەت نەكات. هەنگاوە دروستەكانی دەرزی ئینسولین ئەمانەن: سەرەتا دەستەكانت بە ئاو و سابوون بە باشی بشۆ، نیدلی نوێ بەكاربێنە، ژەمی تەواو بە پێی رێنمایی دكتۆر ئامادە بكە، مەهێڵە هیچ بوڵقێكی هەوا لەناو سرنج و نیدلدا بمێنێت، شوێنێكی نەرم بۆ لێدانی دەرزی بە دەست بگرە و كەمێك رایكێشە لە دیواری سك یان سەر ران یان قۆڵ، واباشە كە دەرزی لەسەرخۆ لێبدرێت، پاشان شوێنەكە بە كەمێك لۆكە بسڕەوە. لە كەسانی كەم كێشدا، بۆ ئەوەی كە دەرزی نەچێتە ناو ماسوولكە، واباشترە كە دەرزییەكە بە گۆشەی 45 پلەلەسەر پێست لێبدرێت. بۆ رێگرتن لە ئازاری دەرزی، پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: خاوكردنەوەی ماسوولكەكانی نزیك شوێنی لێدانی دەرزی، دەرزی بە خێرایی لە پێست بدە بێ ئەوەی كە دەستت بلەرزێت یان بۆ راست و چەپ بیجوولێنیت. لەوانەیە كە كەمێك خوێن لە شوێنی لێدانی دەرزی بەدی بكرێت یان شوینەكە مۆر هەڵگەڕێت كە پێویست بە نیگەرانی ناكات. شوێنە گونجاوەكان بۆ لێدانی دەرزی ئینسولین بریتین لە: دیواری سك، قۆڵ، ران، نێك. هەندێك شوێنی لەش ئیسنولین خێراتر لە شوێنی تر هەڵدەمژن، بۆ نموونە دیواری سك خێراتر لە شوێنەكانی تر ئینسولین هەڵدەمژێت، پاشان قۆڵ ئینجا ران و نێك. گەلێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە قۆڵ گونجاو نییە بۆ لێدانی دەرزی ئینسولین، چونكە ئەگەری گەیشتنی بە ماسوولكە زۆرە كە دەبێتە هۆی دابەزینێكی خێرای ئاستی شەكری خوێن.