بۆ زۆربەی خەڵك، بەكارهێنانی فەیسبوك كاریگەری هەیە لەسەر مەزاج، تەندروستی، هاوسەرگیری، هەروەها چالاكیی جەستەیی و دەروونی رۆژانەدا. بە پشت بەستن بە لێكۆڵینەوەكان بەكارهێنانی فەیسبوك سێ سوودی بۆ تەندروستی هەیە: یەكەم، بەپێی لێكۆڵینەوەكانی زانكۆی كۆرنێل Cornell و میشیگانی ئەمەریكی، ئەپدەیتكردنی پڕۆفایلەكان لەلایەن قوتابیانی زانكۆدا هاندەرە بۆ بەهێزكردنی باوەڕبەخۆبوون Self-esteemو باشتربوونی قەناعەتی كەسی Self-confidence لەگەڵ باشتركردنی مەزاج. دووەم، بەهێزكردنی پێوەندی هاوڕێیەتی و هەستكردن بە خۆشی بەتایبەتی لەكاتی ناردنی مەسەج و پۆستی تر و وەرگرتنەوەی وەڵامەكاندا، ئەمە بە پێی لێكۆڵینەەكانی زانكۆی لانكاستەری Lancaster بەریتانی. سێیەم، لە چەند لێكۆڵینەوەكی تر لە ئوسترالیدا هاتووە كە بەكارهێنانی فەیسبوك هۆكارە بۆ كەمكردنەوەی شەرم و كەمكردنەوەی هەستكردن بە تەنیایی، بەتایبەتی لەكاتی چاتكردن بە دەنگ و وێنەدا، هاوكات لەگەڵ باشتركردنی كارامەیی پێوەندیكردن بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بە تەنیا دەژین. زیانە تەندروستییەكانی فەیسبوك: یەكەم، ئەگەری تووشبوون بە خەمۆكیی فەیسبووك Facebook depression بەتایبەتی لە هەرزەكاراندا كە كاتێكی زۆر لەسەر فەیسبوكدا بەسەردەبەن، لە هەمان كاتدا سەرچاوەی دیكە ئاماژە بەوە دەكەن كە كەسانی تووشبوو بە خەمۆكی كاتێكی زۆر لەسەر فەیسبوكدا بەسەردەبەن نەك بە پێچەوانەوە، هەروەها لەوانەیە كە هەندێك جار خەمۆكییەكەیان بە بەكارهێنانی فەیسبوك قووڵتر بێت. دووەم، چەند گرفتێكی پەیوەست بە خواردن وەكو كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، زیاد خواردن، ریجیمی توند بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە كاتی زۆر لەسەر فەیسبوكدا بەسەردەبەن. سێیەم، گرفت لە پێوەندیی هاوسەریدا تا دەگاتە جیابوونەوەی هاوسەران كە رێژەكەی لە ساڵی 2009 دا گەیشتە نزیكەی 20% لە بەریتانیادا.