خواردنەوە وزەبەخشەكانی وەكو تایگەر، رێد بول، میگابایت..تاد خواردنەوەی كاربۆنكراون كە بڕێكی زۆریان لە شەكر و كافائین تێدایە لەگەڵ چەندین پێكهاتووی تری وەكو ڤیتامینەكانی B، ترشە ئەمینیەكان بۆ نموونە تاورین Taurine، گیایە وزەبەخشەكان وەكو گوارانا Guarana. خواردنەوە وەزەبەخشەكان Energy drinks جگە لە شەكر، مادەی كافائین لەخۆدەگرن، یەك قوتوو بەقەد كوپێك قاوەی چڕ كافائینی تێدایە، بۆ نموونە یەك قوتوو رێدبوڵ 80 ملگم كافائینی تێدایە، بڕی زیادی كافائینیش بۆ تەندروستی باش نییە. هەروەها خواردنەوە وزەبەخشەكان گەلێك مادەی تر لەخۆدەگرن كە تا ئێستا توێژینەوەی زانستییان بە تەواوی بۆ نەكراوە لە رووی سوود و زیانیان بۆ تەندروستی، لەم ماددانە: تۆرین، گوارانا، گلوكورۆنۆلاكتۆن Glucuronolactone كە لەگەڵ بڕێكی كەم لە كۆمەڵەی ڤیتامین B. كاریگەری پێكهاتووەكانی ناو خواردنەوە وزەبەخشەكان بەیەكەوە لەسەر تەندروستی مرۆڤدا هێشتا بە تەواوی نەزانراوە، ئەو مەسەلەیە گرنگترین تەوەرە لە نێوەندە پزیشكییەكاندا، بۆیە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زۆر هەیە، لەوانەیە هەندێك لە پێكهاتەكان لەگەڵ كافائین بەپرسیار بن لە كاریگەرییە سەرەكییەكەی خواردنەوە وزەبەخشەكان بەتایبەتی زیادكردنی چالاكی دەروونی و وزەی لەش. بۆ نموونە یەك قوتووی رێد بوڵ 1000ملگم تاورین لەخۆدەگرێت، لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئەم تێكەڵە قەبارەی خوێنی پاڵنراو لەپاش هەر لێدانێكی دڵ زیاد دەكات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە مادەی تاورین رۆڵی هەیە لە گرژبوونەوەی ماسوڵكەكان بەتایبەتی ماسوڵكەی دڵ و چالاكی كۆئەندامی دەمار. قوتووێكی رێد بوڵ 600 ملگم لە مادەی گلوكورۆنۆلاكتۆن، كاریگەری تێكەڵكردنی ئەم مادەیەش لەگەڵ پێكهاتەكانی تری خواردنەوەی وزەبەخشەكان لەسەر تەندروستی مرۆڤدا بە تەواوی نەزانراوە. بە گشتی هەوڵ بدە كە دووركەویتەوە لە بەكارهێنانی خواردنەوە وزەبەخشەكان. هەرگیز باش نییە كە منداڵ و ئافرەتی دووگیان و ئافرەتی شیردەر خواردنەوەی وزەبەخشەكان بەكاربێنن. هەروەها نابێ خواردنەوە وزەبەخشەكان لەگەڵ ئەلكهولدا بخورێنەوە و نابێ لەكاتی وەرزشدا بەكاربێن.
ئێستا زۆربەی گەنجەكان ئەگەر بۆ جارێكیش بێت خواردنەوەی وزەبەخشیان تاقیكردۆتەوە، هەندێكیشیان رۆژانە بەكاریان دێنن. با بزانین سوود و زیانەكانی خواردنەوەی وزەبەخشەكان لە چیدان: زۆبەی خواردنەوە وزەبەخشەكان رێژەیەكی بەرزیان لە شەكر بە شێوەی گلوكۆز یان سوكرۆز تێدایە، لەگەڵ ئەمینۆ ئەسید(پرۆتین)، هەندێك جۆری ڤیتامین، دەرمانی گیایی وەكو جینسینگ Ginseng یان چای سەوز یان جۆری تر. ئەو وزەیەی كە لە خواردنەوەی وزەبەخشەكاندایە بۆ شەكە دەگەڕێتەوە، زیادبوونی چالاكی بەدەنی و تەركیز و چالاكی هزری بۆ كافائین Caffeine دەگەڕێتەوە. هەر كەسێك كە قوتووێكی خواردنەوەی وزەبەخش بخواتەوە، پاش ماوەیەكی كەم هەست بەوە دەكات كە توانای كار و جوولە و بیركردنەوەی زیاتر بووە. یەكێك لە خراپییەكانی خواردنەوە وزەبەخشەكان بریتییە لە خوپێوەگرتن، واتە یەكێك وای لێدێت كە ناچاربێت رۆژانە بەكاری بێنێت ئەگینا هەست بە تەمەڵی و بێ وزەیی دەكات. هەوڵ بدە كە خواردنەوە وزەبەخشەكان نەكەیتە بەرنامەی رۆژانەت، زیاد بەكارهێنانی خواردنەوە وزەبەخشەكان دەبێتە ئەگەری خەوزڕان Insomnia، زووهەڵچوون و پەستی Anxiety، دڵەكوتێ Palpitation، ناڕحەتی دەروونی و جەستەیی، كەمبوونەوەی شلە لە لەشدا Dehydration، جگە لەمانە چەند حاڵەتێكی راهاتن و پەركەم و نۆرەی دڵ و لەخۆچوونیش پاش بەكارهێنانی خواردنەوە وزەبەخشەكان تۆماركراوە.