جانتای قورس و بەكارهێنانی نادروستی، هۆكارە بۆ گرفت لە ئێسك و ماسوولكەكانی پشت و ئازاری مل. ئێسكی منداڵ نەرمە تا دەگەنە تەمەنی 18 ساڵی، بڕبڕەكانی پشت هێندە بەهێز نین كە بەرگەی قورسایی بگرن بۆیە پێویستە ئەمە بە هیچ شێوەیەك بەردوام نەبێت و چارەسەر بكرێت. هەڵگرتنی جانتای قوتابخانە لەسەر یەك شان هەڵەیە، چونكە باری گران دەخاتە سەر ماسوولكەكان و دەبێتە هۆی ئازار و گرژبوونیان، هەروەها ستوونی بڕبڕەكانی پشت بە ئاراستەی لایەكەی تر دەچەمێتەوە و فشار دەخاتە سەر ناوەڕاستی پشت كە دەبێتە ئەگەری پشت ئێشە و گرژبوونی ماسوولكەكان. جگە لەمانە، هەڵگرتنی جانتای قورس لەسەر یەك شاندا فشاری زۆر دەخاتە سەر ماسوولكەكانی مل، ئەمەش دەبێتە ئەگەری سەرئێشە، ئازاری شان، ئازار لە خوارەوەی پشتدا، هەروەها ئازاری مل و قۆڵ. رێنمایی بۆ هەڵگرتنی دروستی جانتای قوتابخانە: سەرەتا پێویستە كە جانتا بە هەر دوو شانەكانەوە هەڵبگیرێت، پێویستە كە خۆراكی قوتابی دەوڵەمەند بێت بە پرۆتین و كالسیۆم و ڤیتامین D هاوكات لەگەڵ هاندانی بۆ ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی بە مەبەستی بەهێزكردنی ماسوولكەكان و لیاقەی جەستەیی، با جانتای پشت هەرگیز زۆر نزیك نەبێت لە نێك و خوارەوەی پشت، چونكە دەبێتە هۆی فشاری زیاد لەسەر بەشی خوارەوەی پشتدا، واباشترە كە ئەو ماددەی جانتای لێ دروستكراوە لە رووی كێشەوە سووك بێت، هاوكات لەگەڵ گونجانی قایشەكانی شان، بە مەبەستی كەمكردنەوەی فشار لەسەر شان و پشت پێویستە ئەو جۆرانەی جانتای پشت بەكاربهێنرێن كە لە بەشی خوارەوەیاندا بەشێكی نەرمی وەكو سەرینیان Padded پێوەیە، هەروەها ئەو جۆرانەی كە تایەی بچووكیان بۆ بەستراوە.